بچۆ سه‌ر ناوه‌ڕۆک

بچۆ سه‌ر لیستی ناوه‌ڕۆک

بە‌ش ٩

ئیسرائیلییە‌کان داوای پادشا دە‌کە‌ن

ئیسرائیلییە‌کان داوای پادشا دە‌کە‌ن

یە‌کە‌م پادشای ئیسرائیلییە‌کان،‏ شائول (‏ناسراو بە تالوت)‏،‏ گوێڕایە‌ڵی خودا نە‌بوو.‏ ئە‌و بە هاوکاری داودە‌وە سە‌رکە‌وتنی بە‌دە‌ستهێنا،‏ ئە‌وە‌ی کە خودا پە‌یمانی پادشاهێتییە‌کی هە‌میشە‌یی لە‌گە‌ڵ بە‌ست

دوا ڕۆژانی شە‌مشون،‏ سامۆئیل وە‌ك دادوە‌رو پێغە‌مبە‌ر لە ئیسرائیل کاریدە‌کرد.‏ ئیسرائیلییە‌کان بە‌ردە‌وام پێیان دە‌وت ئە‌وانیش وە‌ك نە‌تە‌وە‌کانی تر پادشایە‌کی مرۆڤانە‌یان دە‌وێ تا فە‌رمانڕە‌واییان بکات.‏ هە‌رچە‌ندە ئە‌و داواکارییە سوکایە‌تیکردن بوو بە یە‌هوە،‏ بە‌ڵام یە‌هوە ڕێگای بە سامۆئیلدا داواکاریە‌کە‌یان بە‌جێبهێنێت.‏ خودا پیاوێکی بێفیزی هە‌ڵبژاردو کردی بە پادشا.‏ دوای ماوە‌یە‌ك شائولی پادشا لووت بە‌رزو گوێ ناڕایە‌ڵ بوو.‏ یە‌هوە لە‌پادشاهێتی هێنایە خوارە‌وە‌و بە سامۆئێلی فە‌رموو پیاوێکی گە‌نجی تر بە پادشا هە‌ڵبژێرێ کە ناوی داود بوو.‏ لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌شدا چە‌ندین ساڵ دە‌خاێنێ تاکو داود دە‌سە‌ڵاتی دە‌گرێتە‌دە‌ست.‏

لە‌کاتێکدا داود هێشتا هە‌ر لە تە‌مە‌نی مێردمنداڵی بوو سە‌ردانی براکانی کرد کە لە ڕیزە‌کانی سوپای شائولدا بوون.‏ هە‌موو سوپایە‌کە زە‌ندە‌قیان لە شە‌ڕکە‌رێکی دوژمن چوبوو،‏ زە‌بە‌لاحێك بوو بە‌ناوی گولیات (‏ناسراو بە جالوت)‏.‏ گاڵتە‌ی بە‌وان‌و خودای ئە‌وان دە‌کرد.‏ داود بە‌توڕە‌ییە‌وە بە‌ربە‌رە‌کانیکردنی زە‌بە‌لاحە‌کە‌ی قە‌بوڵ کرد بۆی بچێتە مە‌یدان.‏ داود کە تە‌نها قوچە‌قانییە‌ك‌و چە‌ند بە‌ردێکی پێبوو،‏ هاتە‌دە‌رێ تا ڕووبە‌ڕووی بە‌رامبە‌رە‌کە‌ی بێتە‌وە،‏ کە درێژییە‌کە‌ی نزیکە‌ی شە‌ش قۆڵو بستێك (‏نزیکە‌ی ٣ مە‌تر)‏ بوو.‏ لە‌کاتێکدا گولیات گاڵتە‌ی بە داود دە‌کرد،‏ داود وە‌ڵامی دایە‌وە،‏ ئە‌و چە‌کی باشتری پێیە،‏ چونکە داود بە‌ناوی یە‌هوە‌وە هاتبوو بۆ شە‌ڕ!‏ داود گولیاتی تە‌نها بە بە‌ردێك کە‌واندە سە‌ر زە‌وی‌و بە شمشێرە‌کە‌ی خۆی سە‌ری پە‌ڕاند.‏ لە‌شکری فە‌لە‌ستینیە‌کان لە ترسا ڕایانکرد.‏

لە‌سە‌رە‌تادا ئازایە‌تی داود زۆر کاریکردە سە‌ر شائول‌و بۆیە کردیە سە‌رکردە‌ی سوپاکە‌ی.‏ بە‌ڵام سە‌رکە‌وتنە‌کانی داود بوو بە‌هۆی هە‌ستپێکردنی بە‌خیلییە‌کی توندوتیژ لە دڵی شائولدا.‏ داود بۆ پاراستنی گیانی خۆی دە‌بوایە ڕابکات‌و بۆ ماوە‌ی چە‌ندین ساڵ بە‌دە‌ربە‌دە‌ری بژی.‏ سە‌رە‌ڕای ئە‌وە‌ی کە شائولی پادشا دە‌یویست داود بکوژێ،‏ بە‌ڵام داود هێشتا هە‌ر بە دڵسۆزی بۆ پادشا مایە‌وە تە‌نها لە‌بە‌رئە‌وە‌ی کە شائول لە‌کاتی خوێدا لە‌لایە‌ن خوداوە وە‌ك پادشا هە‌ڵبژێردرابوو.‏ لە‌کۆتاییدا شائول لە جە‌نگدا کوژرا.‏ زۆریپێنە‌چوو داود بوو بە پادشا هە‌روە‌ك یە‌هوە بە‌ڵێنی پێدابوو.‏

‏«ئە‌و ماڵێك بۆ ناوی من بنیات دە‌نێت و منیش هە‌تاهە‌تایە تە‌ختی پادشایە‌تییە‌کە‌ی جێگیر دە‌کە‌م» ‏(‏٢ سامۆئیل ٧:‏١٣‏)‏.‏

داود لە‌سە‌ردە‌می پادشاهێتیدا لە‌ناخی دڵییە‌وە ئارە‌زووی دروستکردنی پە‌رستگایە‌کی بۆ یە‌هوە دە‌کرد.‏ بە‌ڵام یە‌هوە بە‌داودی ووت،‏ ئە‌م کارە لە‌لایە‌ن یە‌کێك لە‌نە‌وە‌کانی جێبە‌جێ دە‌کرێ.‏ دە‌رکە‌وت کە ئە‌م نە‌وە‌یە کوڕە‌کە‌ی داود بوو کە ناوی سولە‌یمان بوو.‏ یە‌هوە بە‌هۆی بە‌ستنی پە‌یمانێکی بێهاوتا لە‌گە‌ڵ داود خە‌ڵاتی داودی کرد کە ئە‌مە‌یە:‏ ڕێچکە‌ی بنە‌ماڵە‌ی داود خێڵی پادشاهێتییە‌کی بێهاوتا دە‌هێنێتە بە‌رهە‌م.‏ لە‌ئاکامدا ڕزگارکە‌ر،‏ یان نە‌وە‌کە لە‌هە‌مان خێڵدا سە‌رهە‌ڵدە‌دا کە لە‌باخچە‌ی عە‌دە‌ندا بە‌ڵێنی لە‌سە‌ردرا.‏ ئە‌وکە‌سە‌ی کە دە‌بێت بە مە‌سیح بە‌مانای کە‌سی «دە‌ستنیشانکراو» لە‌لایە‌ن خوداوە دیاریکرا.‏ یە‌هوە بە‌ڵێنی دا کە مە‌سیح دە‌بێتە فە‌رمانڕە‌وای فە‌رمانڕە‌وایە‌تییە‌ك،‏ یاخود پادشاهێتییە‌ك کە بۆ هە‌میشە دە‌مێنێتە‌وە.‏

داود بە‌وپە‌ڕی شادومانییە‌وە بە‌شێکی زۆر لە کە‌لوپە‌لی پێویست بۆ دروستکردن‌و پارچە کانزای پڕ بایە‌خی بۆ پڕۆژە‌کە دابینکرد.‏ داود هە‌روە‌ها بە‌شێکی زۆری سروودە سروشکراوە‌کانی پە‌رتووکی زە‌بوری نووسی.‏ داود لە‌کاتە‌کانی کۆتایی ژیانیدا ئە‌م ڕاستییە‌ی دە‌ربڕی:‏ «ڕۆحی خوداوە‌ند بە هۆی منە‌وە دوا،‏ ووشە‌کە‌شی لە‌سە‌ر زمانم بوو» (‏٢ سامۆئیل ٢٣:‏٢‏)‏.‏

بە‌گوێرە‌ی پە‌رتووکی ١ و ٢ سامۆئیل؛‏ ١ هە‌واڵی ڕۆژان؛‏ ئە‌شعیا ٩:‏٧؛‏ مە‌تتا ٢١:‏٩؛‏ لۆقا ١:‏٣٢؛‏ یۆحە‌ننا ٧:‏٤٢‏.‏