بەش ١٠
سولەیمان بەداناییەوە فەرمانڕەوایی دەکات
یەهوە دڵێکی دانای بە سولەیمان پادشا دا؛ لەماوەی فەرمانڕەوایەتییەکەیدا ئیسرائیلییەکان چێژیان لە دەوڵەمەندیو ئاشتییەکی بێهاوتا وەرگرت
ئایا ژیان چۆن دەبێ ئەگەر هەموو ئەندامانی نەتەوەکەو سەرکردەکەیان یەهوە بە سەروەری خۆیان دابنێنو گوێڕایەڵی یاساکانی ببن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەماوەی ٤٠ ساڵ فەرمانڕەوایەتی سولەیمان پادشادا دەرکەوت.
پێش ئەوەی داود بمرێ سولەیمانی کوڕی بە جێگری خۆی هەڵبژارد. لە خەونێکدا، خودا بە سولەیمانی فەرموو داواکارییەکی لێبکات. سولەیمان داوای داناییو زانستی کرد تاکو بتوانێ دادگایی خەڵکی بە دادوەریو دانایی بکات. خودا بەدڵخۆشیەوە داناییو تێگەیشتووی خستە ناو دڵی سولەیمانەوە. هەروها یەهوە بەڵێنی دەوڵەمەندیو شکۆمەندیو تەمەندرێژی پێدا بەمەرجێك کە گوێڕایەڵی یەهوە بێت.
سولەیمان ناوبانگی بە دانایی لە دادوەریدا دەرکرد. لە کێشەیەکدا، دوو ژن لەسەر کۆرپەلەیەك شەڕیان بوو، هەریەکێکیان بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دایکی کۆرپەلەکەیە. سولەیمان فەرمانیدا منداڵەکە بکەن بە دوو لەت تاکو هەر لەتێك بدەن بە یەکێکیان. ژنی یەکەم بەمە ڕازی بوو، بەڵام دایکە ڕەسەنەکە داوایکرد کۆرپەلەکە بدرێ بەژنەکەی تر. سولەیمان ئێستا بەڕوونی بۆیدەرکەوت ژنە بەبەزەییەکە دایکی کۆرپەلەکەیە. هەواڵی ئەم بڕیارە دادگاییە زۆر بە خێرای لەنێوان ئیسرائیلییەکاندا بڵاوبووەوە، خەڵکی دانایی خودایان لە سولەیماندا دەناسییەوە.
یەکێك لە گرنگترین دەستکەوتەکانی سولەیمان دروستکردنی پەرستگا سەرسوڕهێنەرەکەی یەهوە بوو، کە وەك ناوەندی خوداپەرستی لە ئیسرائیلدا بەکارهێنرا. بەبۆنەی کردنەوەی ئەو پەرستگایە سولەیمان لە خودا پاڕایەوەو ووتی: «ئەوەتا ئاسمانو ئاسمانی ئاسمانەکان بەشت ناکات، ئیتر چۆن ئەو ماڵەی من بنیادم ناوە» (١ پاشایان ٨:٢٧).
ناوبانگی سولەیمان لە هەموو ووڵاتانی دەوروبەر بڵاوبووەوە تەنانەت گەیشتە شبا لە نیمچەدوورگەی عەرەبی. شاژنی شبا سەردانی سولەیمانی کرد تاکو شکۆمەندیو دەوڵەمەندیو دانایی ئەو هەڵسەنگێنێ. شاژنەکە تا ئاستێکی ئەوەندە بەرز کەوتە ژێر کاریگەری دانایی سولەیمانو دەوڵەمەندی ئیسرائیلەوە، هەر لەبەرئەوە ستایشی یەهوەی کرد کە پادشایەکی ئاوا دانای هێناوەتە سەر تەخت. بەڵێ بەڕاستی بە پیرۆزی یەهوەوە فەرمانڕەوایەتی سولەیمان سەرکەوتوترینو ئاشتیخوازترین فەرمانڕەوایەتی بوو لە مێژووی ئیسرائیلی کۆندا.
بەداخەوە سولەیمان بەردەوام نەبوو لە چالاکی کردن بە بەگوێرەی دانایی یەهوە. ڕاسپاردەکانی خودای پشتگوێخستو سەدان ژنی هێنا، چەندین ژنی تریشی هێنا کە خودای تریان دەپەرست. ژنەکانی بەرە بەرە دڵی سولەیمانیان لەپەرستنی یەهوە لادا تاکو دەستی بە بت پەرستی کرد. یەهوە بە سولەیمانی فەرموو، بەشێکی پادشاهێتییەکەی لێدەستێنێتەوە، تەنها بەشێکی بچووکی بۆ دەمێنێتەوە، ئەویش لەبەر خاتری داودی باوکی. سەرەڕای لەئایین هەڵگەڕانەوەی سولەیمان، یەهوە بەدڵسۆزییەوە سوور بوو لەسەر پەیمانی پادشاهێتییەکەی کە لەگەڵ داود بەستبووی.
بەگوێرەی ١ پاشایان بەندی ١ تا ١١؛ ٢ هەواڵی ڕۆژان بەندی ١ تا ٩؛ تەسنیە (٥ موسا) ١٧:١٧.