بەش ١٦
گەیشتنی دەستنیشانکراوەکە
یەهوە عیسای ناسیرەی وەك ئەو دەستنیشانکراوەیەی کە لەمێژبوو بەڵێنی لەسەردابوو، دەناسێنێ
ئایا یەهوە یارمەتی خەڵکی دەدات تاکو دەستنیشانکراوە بەڵێندراوەکە بناسن؟ بەڵێ. تێبینی بکە یەهوە چی کرد. دوای تێپەڕبوونی چوار سەدە بەسەر تەواوبوونی نووسراوە عیبرانییەکانی پەرتووکی پیرۆز، لە شارێك کە ناوی ناسیرە بوو، لە ناوچەی هەرە باکوری جەلیلیە، کچێکی گەنج بەناوی مریم سەردانێکی تەواو چاوەڕوان نەکراوی کرا. فریشتەیەك بەناوی جوبرائیل خۆی پێنیشانداو پێی ووت کە خودا بەکەڵك وەرگرتن لە هێزی چالاکی خۆی، واتە بەڕۆحی پیرۆز، لەڕێگای مریەمەوە منداڵێکی کوڕ دەهێنێتە جیهانەوە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو هێشتاش هەر کچ بوو. ئەو کوڕە دەبووە ئەو پادشایەی کە لەمێژەوە بەڵێندرابوو، ئەوەی کە بۆ هەمیشە فەرمانڕەواییەتی دەکات! ئەو پێشتر لە ئاسمان بوونی هەبوو، ژیانی ئەو لەڕێگای کارێکی سەرسوڕهێنەرەوە بۆ ناو منداڵدانی مریەم گواسترایەوە. لەبەر ئەم هۆیە پێیدەوترێ ڕۆڵەی خودا هەرچەندە ئەو وەك مرۆڤێك لەدایك بوو.
مریەم بەبێفیزیەوە ئەرکە بەشکۆیەکەی قەبوڵ کرد. دەستگیرانەکەی دارتاشێك بوو بەناوی یوسف، مریەمی هێنا، دوای ئەوەی کە فریشتەیەکی خودا یوسفی دڵنیا کردەوە لەوەی سکپڕی مریەم لەلایەن خوداوەیە. ئەی باشە پێشبینییەکە نەیووتبوو دەستنیشانکراوەکە دەبێ لە بەیتلەحم لەدایك ببێ؟ (میخا ٥:٢) ئەو شارە بچوکە نزیکەی ١٤٠ کیلۆمەتر لە بەیتلەحم دوورە!
فەرمانڕەوایەکی ڕۆمانی فەرمانیدا سەرژمێری لەناوچەکەدا بکرێ. داوا لەخەڵکی کرا ناوی خۆیان لەشوێنی لەدایك بوونیان تۆماربکەن. ئەوە مانای ئەوەبوو یوسفو مریم دەبوایە بڕۆنەوە بۆ بەیتلەحم کە ڕەگەزی هەردووکیان لەوێ بوو (لۆقا ٢:٣). مریەم لەناو تەویلەیەکی ساکاردا منداڵی بوو، کۆرپەلەکەی لە ئاخوڕدا درێژکرد. ئینجا خودا فریشتەیەکی نارد تا بە کۆمەڵێك شوان کە بەقەد کێوەوە بوون بڵێ، دەستنیشانکراوە بەڵێنپێدراوەکە یاخود مەسیح هەر ئێستا لەدایك بوو.
دواتر کەسانی تریش هەروەها شایەتییان دا کە عیسا دەستنیشانکراوە بەڵێندراوەکە بوو. ئەشعیای پێغەمبەر پێشبینیکرد، پیاوێك دێتو ڕێگا خۆشدەکا بۆ ئەو کارە بەنرخەی دەستنیشانکراوەکە دەیکات (ئەشعیا ٤٠:٣). ئەو پێشڕەوە یۆحەننای لەئاوهەڵکێش بوو. کاتێ عیسای بینی هاواریکرد: «ئەوەتا بەرخی خودا ئەو قوربانییەی گوناهی جیهان هەڵدەگرێت» هەندێك لە قوتابییەکانی یوحەننا یەکسەر بەدوای عیسا کەوتن. یەکێك لەوان ووتی: «مەسیحمان دۆزیەوە» (یۆحەننا ١:٢٩، ٣٦، ٤١).
بەڵگەی تریش هەبوون. لەکاتێکدا یۆحەننا عیسای لە ئاو هەڵکێشا، یەهوە خۆی لە ئاسمانەوە قسەیکرد. بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە عیسای بە دەستنیشانکراوەکە دیاریکردو فەرمووی: «ئەمە ڕۆڵەی خۆشەویستمە ئەوەی زۆر پێی دڵشادم» (مەتتا ٣:١٦، ١٧). دەستنیشانکراوە لەمێژ بەڵێندراوەکە گەیشت!
ئەمە کەی ڕوویدا؟ لەساڵی ٢٩ ز. دەقاودەق لەکاتێکدا ئەو ٤٨٣ ساڵەی لە ڕێگای دانیالەوە پێشبینی کرابوون تەواو بوون. بەڵێ، ئەمە بەشێکە لەو بەڵێنە حاشاهەڵنەگرانەی کە عیسا دەستنیشانکراوەکەیە، یاخود مەسیحە. ئایا عیسا لەو ماوەیەی لەسەر زەوی بوو چ پەیامێکی بڵاوکردەوە؟
بەگوێرەی پەرتووکی مەتتا بەندەکانی ١ تا ٣؛ مەرقۆس بەندی ١؛ لۆقا بەندی ٢؛ یۆحەننا بەندی ١.