بەش ١٧
عیسا خەڵکی دەربارەی پادشاهێتی خودا فێردەکات
عیسا قوتابییەکانی فێری زۆر شت کرد، بەڵام تێشکۆی لەسەر تەنها بابەتێك دانا کە پادشاهێتی خودایە
ئایا عیسا بۆچی بۆ زەوی نێردرا؟ ئەو خۆی فەرمووی: «پێویستە لەسەرم مژدەی پادشاهێتی خودا بدەم چونکە من بۆ ئەمە نێرراوم» (لۆقا ٤:٤٣). تێبینی چوار شت بکە کە عیسا دەربارەی ئەو پادشاهێتییە فێری خەڵکی کرد، کە ناوجەرگەی بابەتی مزگێنیدانەکەیەتی.
١. عیسا پادشای هەڵبژێردراو بوو. عیسا بێ پێچوپەنا فەرمووی، ئەو خۆی دەستنیشانکراوە پێشبینیکراوەکەیە (یۆحەننا ٤:٢٥، ٢٦). هەروەها نیشانیدا ئەو هەمان پادشایە کە پێغەمبەر دانیال بینیبووی. عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو، ڕۆژێك دێ خۆی لەسەر «تەختی شکۆمەندی» دادەنیشێ، هەروەها ئەوانیش لەگەڵی فەرمانڕەوایی دەکەن (مەتتا ١٩:٢٨). ئەو ئاماژەی بەو کۆمەڵە فەرمانڕەوایە کرد کە بە «مێگەلی بچووك» ناودەبرێن، هەروەها ووتی کە ئەو «مەڕی تر» ی هەیە کە بەشێك نیین لەو کۆمەڵەیە (لۆقا ١٢:٣٢؛ یۆحەننا ١٠:١٦).
٢. پادشاهێتی خودا بانگەشەی دادوەری ڕاستەقینە دەکات. عیسا دەریخست کە پادشاهێتی بەربڵاوترین ناڕەوایی لادەبات بۆئەوەی ناوی یەهوە پیرۆز بکا، هەروەها هەموو ئەو بوختانانە ڕووندەکاتەوە کە شەیتان لەسەردەمی یاخیبوون لە عەدەندا خستیە پاڵ خودا (مەتتا ٦:٩، ١٠). کاتێك عیسا ڕۆژانە ژنو پیاو، دەوڵەمەندو هەژاری فێردەکرد، نیشانیدا کە ئەو بێلایەنەو جیاوازی لەنێوان کەس ناکا. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو لەپلەی یەکەمدا بۆ فێرکردنی ئیسرائیلییەکان نێردرابوو، فێرکردنەکانی خۆی گەیاندە گوێی ناجوولەکاکانی وەك سامەرییەکانو کافرەکان. ئەو بە پێچەوانەی پێشەوایانی ئایینی ئەو سەردەمە، نیشانیدا بەلای رەگەزپەرستیو چینایەتیدا ناچێ.
٣. پادشاهێتی خودا سەر بەم جیهانە نییە. عیسا لەسەردەمێکی پڕ لەئاژاوەی ڕامیاریدا دەژیا. ووڵاتەکەی ژێردەستەی هێزێکی بێگانە بوو. لەکاتێکد کە خەڵکی هەوڵیاندا لەگەڵ کاروباری ڕامیاری ئەو کاتە تێکەڵاوی بکەن، ئەو خۆی لەمە دوورخستەوە (یۆحەننا ٦:١٤، ١٥). عیسا بە سیاسەتمەدارێکی فەرموو. «پادشاهێتی من سەر بەم جیهانە نییە» (یۆحەننا ١٨:٣٦). هەروەها بە بەدواکەوتووەکانی فەرموو «ئێوە سەر بە جیهان نیین» (یۆحەننا ١٥:١٩). ڕێگای چەك هەڵگرتنو شەڕکردنی لێگرتن تەنانەت بۆ پارێزگاری کردنیش لە عیسا (مەتتا ٢٦:٥١، ٥٢).
«دەستیکرد بە گەڕان بە شارو دێهاتەکان، بۆ ئامۆژگاریکردنو مزگێنیدان لەبارەی پادشاهێتی خوداوە» (لۆقا ٨:١).
٤. فەرمانڕەوایەتی مەسیح لەسەر بناغەی خۆشەویستی دەبێت. عیسا بەڵێنی دا خەڵکی بە سووککردنی باری سەرشانیان دەحەسێنێتەوە (مەتتا ١١:٢٨-٣٠). عیسا لەسەر قسەکەی خۆی سوور بوو. لەووتارێکدا کە بە ووتاری کێو ناسراوە عیسای مەسیح ئامۆژگاری خۆشەویستیانەو پراکتیکی دا تاکو بەسەر خەمو خەفەتدا زاڵبن، پەیوەندییەکان پتەوتربکەن، بەربەرەکانی پارەپەرستی بکەنو کامەرانی بدۆزنەوە (مەتتا، بەندی ٥-٧). بەهۆی نیشاندانی خۆشەویستی، خەڵکی دەیانتوانی لەهەموو بوارێکی ژیانەوە پەنا بۆ ئامۆژگارییەکانی بەرن. خەڵکی هەموو چینەکان تەنانەت ئەوانەی کە زۆر سەرکوتکرابوون، دەیانوێرا هانای بۆ بەرن، چونکە دەیانزانی کە بە نەرمونیانیو بێگەردی هەڵسوکەوتیان لەگەل دەکات. ئای کە عیسا فەرمانڕەوایەکی چەند باش دەبێت!
بەهۆی ڕێگایەکی زۆر بەهێزی ترەوە عیسا خەڵکی دەربارەی پادشاهێتی خودا فێرکرد. ئەو چەندین کاری سەرسوڕهێنەری کرد. بۆچی ئەمەی کرد؟ لێگەڕێن با سەیرێکی ئەمە بکەین.
بەگوێرەی پەرتووکەکانی مەتتا، مەرقۆس، لۆقا، یۆحەننا.