بەش ١٨
عیسا کاری سەرسوڕهێنەری کرد
عیسا لەڕێگای کارە سەرسوڕهێنەرەکانیەوە نیشانیدا چۆن ئەو وەك پادشایەك هێزی خۆی بەکاردەهێنێ
خودا هێزی بە عیسا دا، تا بەهۆیەوە کاری وابکات کە هیچ مرۆڤێك ناتوانێ بیکا. عیسا چەندین کاری سەرسوڕهێنەری کرد، زۆر کەس ئەمانەیان بەچاوی خۆیان بینی. ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانە نیشانیاندا کە عیسا هێزوتوانای بەسەر دوژمنانیو کۆسپەکانیدا هەیە کە مرۆڤی ناتەواو هەرگیز توانای گەیشتن بەسەرکەوتنی لەو جۆرەیان نییە. تێبینی هەندێك لەوانە بکە.
برسێتی. لە دوو ڕووداودا عیسا نانی کۆمەڵێکی دا کە بریتی بوون لەهەزاران کەس، ئەویش تەنها بە چەند نانێكو چەند ماسییەکەوە. لەهەردوو ڕووداوەکەدا خۆراکی زیاد لە پێویست بۆ هەمووان ئامادەبوو.
نەخۆشی. عیسا «هەموو نەخۆشیو دەردێك»ی خەڵکی چارەسەر دەکرد (مەتتا ٤:٢٣). ئیفلیج، شەل، کەمئەندام، کوێر، کەڕ، گولو هەروەها فێگرتنی بەدەستلێدان چاك دەکردەوە. هیچ نەخۆشییەك نەبوو نەتوانێ چاکی بکاتەوە.
کەشوهەوای مەترسیدار. کاتێك عیسا لەگەڵ قوتابییەکانی بەبەلەمێك بەناو دەریاچەی خەلیلیەدا تێدەپەڕین، لەناکاو هەڵیدایە ڕەشەبایەکی توندوتیژ. قوتابییەکان لەترسا زراویان چوو. عیسا بەسادەیی بە ڕەشەباکەی ووت: «بێدەنگ بە! هێمن بە!» یەکسەر ئارامییەکی تەواو باڵی بەسەر دەریاچەکەدا کێشا (مەڕقۆس ٤:٣٧-٣٩). لە ڕووداوێکی تردا لەکاتی تۆفانێکی زۆر بەهێزدا عیسا بەسەر ئاودا ڕۆیشت.
ڕۆحە پیسەکان. ڕۆحە پیسەکان زۆر لە مرۆڤ بەتواناترن. چەندین کەس سەلماندیان لە توانایاندا نییە خۆیان لەچنگی ئەو دوژمنە پیسانەی خودا ڕزگاربکەن. بەڵام، هەر جارێك کە عیسا فەرمانی دەدا ڕۆحە پیسەکان لەناو لێقەوماواندا بێنە دەرێ، ئیتر ئەو ڕۆحە پیسانە لەناویان دەهاتنەدەرەوەو دەسەڵاتیان بەسەر ئەو خەڵکانەدا نەدەما. عیسا لەو ڕۆحە پیسانە نەدەترسا، بەپێچەوانەوە ئەوان دەسەڵاتی عیسایان دەزانیو لێیدەترسان.
مردن. دەستەواژەی «دوا دوژمن» کە بۆ مردن دانراوە پڕ بەپێستی خۆیەتی چونکە هیچ کەسێك ناتوانێت شکستی پێبهێنێ (١ کۆرنسۆس ١٥:٢٦). لەگەڵ ئەوەشدا عیسای مەسیح مردووی زیندوودەکردەوە، بۆ نموونە کوڕێکی گەنجی بۆ دایکە بێوەژنەکەیو کچێکی منداڵکاریشی بۆ دایكو باوکە خەمبارەکە گەڕاندەوە. لە سەرنجڕاکێشترین ڕووداودا عیسا هاوڕێ خۆشەویستەکەی بەناوی لەعازر لەبەر چاوی کۆمەڵێك خەڵك کە لە سەرەخۆشی بوون زیندووکردەوە، لەکاتێکدا ئەو پیاوە نزیکەی چوار ڕۆژ بوو مردبوو! تەنانەت دوژمنەکانی عیسا دانیان بە ڕوودانی ئەم کارە سەرسوڕهێنەرە دانا (یۆحەننا ١١:٣٨-٤٨؛ ١٢:٩-١١).
بۆچی عیسا ئەو هەموو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کرد؟ سەرەڕای ئەمەش، ئایا هەموو ئەوانەی عیسا یارمەتیدان سەرلەنوێ نەمردنەوە؟ بەڵێ، بەڵام ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەی عیسا ئاکامێکی باشیان هەبوو. بەهۆی ئەمانەوە سەلمێندرا ئەو هەموو پێشبینییە بێهاوتایانەی کە پێغەمبەران دەربارەی فەرمانڕەوایەتی پادشا دەستنیشانکراوەکە کردیان لەسەر بناغەیەکی ڕاستە. گومانی تێدا نییە کە پادشا دەستنیشانکراوەکەی خودا دەتوانێ برسێتی و نەخۆشی و کەشوهەوای مەترسیدارو ڕۆحە پیسەکان و تەنانەت مردنیش بنبڕ بکات. ئەو پێشتر نیشانیدا کە خودا هەموو ئەو جۆرە هێزانەی داوەتێ.
بەگوێرەی پەرتووکەکانی مەتتا، مەرقۆس، لۆقا، یۆحەننا.