بەش ٢١
عیسا زیندووە!
عیسا خۆی بۆ قوتابییەکانی دەردەخا بۆ فێرکردن و هاندانیان
لە سێهەمین ڕۆژی مردنیدا چەند ژنێك کە قوتابی عیسا بوون، بۆیان دەرکەوت کە بەردی سەر گۆڕەکە لادراوەو گۆڕەکەش بەتاڵە!
دوو فریشە لەژنەکان دەرکەوتن، یەکێکیان ووتی: «ئێوە بە شوێن عیسای ناسری دا دەگەڕێن . . . ئەو زیندوو بووەوە» (مەرقۆس ١٦:٦). بێ ڕاوەستان ژنەکان ڕۆیشتن تا مژدە بە قوتابییەکان بدەن. لەڕیگادا تووشی عیسا بوون، پێی فەرموون «مەترسن، بڕۆن بەبراکانم بڵێن بێن بۆ جەلیل، لەوێ دەمبینن» (مەتتا ٢٨:١٠).
دواتر هەر لەو ڕۆژەدا، دوو قوتابی لە ئۆرشەلیمەوە بەپێ بەرەو گوندی عیمواس دەڕۆیشتن. کەسێکی نامۆ لێیان پەیدا بوو، لێی پرسین باسی چی دەکەن. لەڕاستیدا ئەمە عیسای زیندووکراوە بوو، کە خۆی بەشێوەیەك دەرخست بۆیە ئەوان یەکەم جار نەیانناسییەوە. بەدەمو چاوێکێ دڵناخۆشەوە وەڵامیان دایەوە باسی عیسامان دەکرد. نامۆیەکە دەستیکرد بەڕوونکردنەوەی هەموو ئەو نووسراوانەی پەرتووکی پیرۆز کە پەیوەندییان بە دەستنیشانکراوەکەوە هەبوو. بەڵێ، بەڕاستی عیسا پێشبینییەکانی دەستنیشانکراوەکەی بگرە تا بچوکترینیشیانی هێنایەدی. a کاتێك قوتابییەکان بۆیان دەرکەوت کەسە نامۆیەکە عیسای مەسیحە، کە وەك کەسێکی ڕۆحی زیندووکرابۆوە، لەبەرچاویان نەما.
دوو قوتابییەکە یەکسەر گەڕانەوە بۆ ئۆرشەڵیم. لەوێ نێرراوانیان دۆزییەوە کە بەیەکەوە کۆببونەوەو دەرگایان لەسەر خۆیان داخستبوو. لەکاتێکدا ئەو دووانە بەسەرهاتەکەی خۆیان بۆ دەگێڕانەوە، عیسا لێیان دەرکەوت. قوتابییە سەرسامبووەکانی بڕوایان نەدەکرد. «بۆچی بیری وا دێ بەدڵتان . . . ئاوها نووسراوە، پێویست بوو مەسیح ئازار بکێشێو بمرێو دوایی لە ڕۆژی سێهەم زیندوو بێتەوە» (لۆقا ٢٤:٣٨، ٤٦).
عیسا لە دوای مردنی بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لەچەندین شوێنی جیاجیادا خۆی بۆ قوتابییەکانی دەردەخست. جارێکیان خۆی نیشانی جەماوەرێکدا کە لە ٥٠٠ کەس زۆرتربوون! واپێدەچێ لەو ڕووداوەدا ئەم ئەرکە گرنگەی خستنە سەر شانیان. «بڕۆن، هەموو گەلان بکەن بەقوتابی فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی ڕامسپاردون، ئەوەتا هەموو ڕۆژێك لەگەڵتانم هەتا کۆتایی زەمانە» (مەتتا ٢٨:١٩، ٢٠).
لە دوا کۆبوونەوەی لەگەڵ ١١ قوتابییە دڵسۆزەکانی، عیسا بەڵێنی دا: «کاتێ ڕۆحی پیرۆزتان بەسەردا دەڕژێ هێز بەدەست دەهێنن، کە دەبن بە شایەت بو من تا ئەوپەڕی جیهان» (کرداری نێرراوان ١:٨). پاشان عیسا بەرەو ئاسمان بەرزبووەوە، هێشتا قوتابییەکان هەر تێیڕامابوون هەورێك لەبەرچاویان بزری کرد.
بەگوێرەی مەتتا بەندی ٢٨؛ مەرقۆس ١٦؛ لۆقا بەندی ٢٤؛ یۆحەننا بەندی ٢٠ و ٢١؛ ١ کۆرنسۆس ١٥:٥، ٦.
a نموونەی پێشبینییەکانی دەستنیشانکراوەکە کە لەعیسادا هاتنەدی دەتوانن لە لاپەڕەی ١٧تا ١٩ی ئەم بڵاوکراوەیەدا ببینن.