بەش ٢٣
بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆش
پۆلس چەند گەشتێکی مزگێنیدان بە ووشکانی و دەریادا دەکات
دوابەدوای ئەوەی کە پۆلس بوو بە مەسیحی، بەدڵوگیانەوە هەواڵی خۆشی دەربارەی پادشاهێتی خودا ڕاگەیاند. بەڵام ئەم جارە ئەو کەسەی کە پێشتر خۆی چەوسێنەر بوو ئێستا ڕووبەڕووی چەوسانەوەیەکی توندوتیژ دەبێتەوە. ئەو نێرراوە ماندوونەناسە چەندین گەشتی مزگێنیدانی کرد، گەشتی دوورو بەربڵاوی کرد بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی خۆش دەربارەی ئەو پادشاهێتییەی مەبەستی بنەڕەتی خودا بۆ مرۆڤ بەدیدەهێنێت.
لە لەستەر لەکاتی یەکەمین گەشتی مزگێنیدانیدا، پۆلس پیاوێکی بەزگماك شەلی چاککردەوە. جەماوەرەکە هاواریان کردو ووتیان پۆلسو هاوڕێکەی بەرناباس خودان. ئەو دوو پیاوە بەزۆر توانیان ڕێگا لە خەڵکەکە بگرن قوربانییان پێشکەش نەکەن. لەژێر کاریگەری دوژمنانی پۆلس، دواتر هەر هەمان جەماوەر بەردبارانی پۆلسیان کردو کاتێ کە پێیان وابوو مردووە بەجێیان هێشت. پۆلس لەم هێرشە دەربازی بوو، دواتر دووبارە گەڕایەوە بۆ ئەم شارە تاکو بەووشەی هاندەرانە ئازایەتی بدا بە قوتابییەکان.
هەندێ لەو جوولەکانەی ببوون بەمەسیحی دەمەقاڵەیان دەکرد لەسەر ئەو مەسیحییانەی کە پێشتر جوولەکە نەبوونو دەیان ووت دەبێ بەشێك لەیاسای موسایان بەسەردا بسەپێندرێت. پۆلس مەسەلەکەی خستە بەردەم نێرراوانو پیران لە ئۆرشەلیم. دوای لێکۆڵینەوەیەکی وورد لە پەرتووکی پیرۆزو بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز، ئەو پیاوانە نامەیان بۆ کۆمەڵانی مەسیحییەت نووسی، ڕایانسپاردن خۆیان دووربخەنەوە لە گڵاوی بت و داوێن پیسی، گۆشتی ئاژەڵی مردار و خواردنەوەی خوێن. ئەم ڕاسپاردانە شتێکی پێویست بوون، گوێڕایەڵی بۆئەمانە مانای ئەوەنەبوو دەبێ یاسای موسا بسەپێندرێ (کرداری نێرراوان ١٥:٢٨، ٢٩).
لەگەشتی دووهەمی مزگێنیدانیدا، پۆلس سەردانی بیریەی کرد کە ئەمڕۆ بە یۆنان ناسراوە. ئەو جوولەکانەی کە لەوێ دەژیان ووشەکەیان بەپەرۆشەوە وەرگرت، هەموو ڕۆژێك دەستیان دەکرد بە ڵێکۆڵینەوەی پەرتووکی پیرۆز تاکو لە ڕاستی مەسەلەکان دڵنیابن. دووبارە چەوسێنەران فەرمانیان بە پۆلس دا ناوچەکە بەجێ بهێڵێت، ئەم جارە بۆ ئەسینا. لەبەردەم کۆمەڵێکی ڕۆشنبیر لە ئەسینا، پۆلس ووتارێکی زۆر بەهێزی دا کە نمونەیەکی ژیری بیرتیژانەو ڕەوانبێژانە بوو.
دوای سێهەمین گەشتی مزگێنیدانی، پۆلس چوو بۆ ئۆرشەلیم، کاتێك کە سەردانی پەرستگاکەی کرد، جوولەکەکان ئاژاوەیەکیان نایەوەو ویستیان بیکوژن. سەربازە رۆمانیەکان هاتنە نێوانیانو بۆ لێپرسینەوە بردیان. دواتر ئەو وەك هاووڵاتییەکی ڕۆمانی لەبەردەمی فلیکسی فەرمانڕەوا بەرگری لە خۆی کرد. جوولەکەکان هیچ بەڵگەیەکیان لەدژی پۆلس نەهێنا بۆ تاوانبارکردنی. بۆئەوەی فستوس کە فەرمانڕەوایەکی ترە نەیدات بەدەست یەهودییەکان پۆلس ووتی: «مەسەلەم دەبەمە لای قەیسەر!» فستوس وتی «ئیتر بڕۆ بۆلای قەیسەر!» (کرداری نێرراوان ٢٥:١١، ١٢).
ئەوکات پۆلسیان بەبەلەم بەڕێکرد بۆ دادگایی لە ڕۆما، لە ڕێگادا کەشتییەکە تێکشکا. هەربۆیە پۆلسیان برد بۆ دورگەی ماڵتا تا زستان بەسەردەچێ. لەکۆتاییدا گەیشتە ڕۆما، لەوێ بۆ ماوەی دوو ساڵ لەخانوویەکی بەکرێدا بوو. هەرچەندە ئەو لەژێر چاودێری پاسەوانێك بوو، بەڵام وەك دلێرترین نێرراو درێژەی بە مزگێنیداندا دەربارەی پادشاهێتی خودا لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە سەردانیان دەکرد.
بەگوێرەی کرداری نێرراوان ١١:٢٢-٢٨:٣١.