بەش ٢٤
پۆلس بۆ کۆمەڵانی مەسیحییەت دەنووسێ
نامەکانی پۆلس رێکخراوە مەسیحییەکە بەهێزدەکات
کۆمەڵی تازە سەقامگیربووی مەسیحییەت لە بەدیهێنانی مەبەستی خودادا دەورێکی گرنگ دەبینێ. بەڵام مەسیحییەکانی سەدەی یەکەم زۆر زوو دەکەونە ژێر پەلامارەوە. ئایا بێگەردی خۆیان بۆ خودا دەپارێزن، کاتێك لەدەرەوەی کۆمەڵی مەسیحییەت ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دێنو هەروەها کە لەناوەوەی کۆمەڵدا دەکەونە ژێر مەترسی شاراوەوە؟ نووسراوە مەسیحیە یۆنانیەکان بریتیە لە ٢١ نامە کە ئامۆژگاری پێویست دەکەنو هانی کۆمەڵی مەسیحییەت دەدات.
چواردە نامە لەوانە کە لە پەرتووکی ڕۆماوە دەستپێدەکا تا عیبرانییەکان بەدەستی پۆلس نووسراون. نامەکان ناوی ئەو کۆمەڵە یان ئەندامانەی کۆمەڵی مەسیحیان لەسەرە کە نامەکانیان بۆ نووسراوە. تێبینی هەندێ لەو بابەتانە بکەین کە بەدەستی پۆلس نووسراون.
ئاگادارکردنەوە لەسەر داوێن پاکیو هەڵسووکەوت. ئەوانەی کەداوێن پیسی، گڵاویو گوناهی بێئابڕوویانەی تر بکەن «میراتگری پادشاهێتی خودا نیین» (غەڵاتیە ٥:١٩-٢١؛ ١ کۆرنسۆس ٦:٩-١١). خوداپەرستان دەبێ یەکگرتووبن بێ جیاوازی نەتەوایەتی (ڕۆما ٢:١١؛ ئەفەسۆس ٤:١-٦). ئەوان دەبێ بەئارەزووی خۆیان یارمەتی هاوڕێیانی بڕوادار بدەن (٢ کۆرنسۆس ٩:٧). پۆلس دەفەرمووێ «بەردەوام نوێژ بکەن» خوداپەرستان هاندەدرێن لە ڕێگای پاڕانەوەوە هەموو سکاڵای دڵیان بۆ یەهوە دەرببڕن (١ تەسالۆنیکی ٥:١٧؛ ٢ تەسالۆنیکی ٣:١؛ فیلیپی ٤:٦، ٧). بۆئەوەی پاڕانەوەکانمان لەلایەن خوداوە قەبوڵ بکرێن دەبێ بە باوەڕەوە پێشکەش بکرێن (عیبرانیەکان ١١:٦).
چ شتێك یارمەتی خێزانەکان دەدات کامەران بن؟ مێردەکان دەبێ ژنەکانی خۆیان وەك لەشی خۆیان خۆشبوێ. ژنەکان دەبێ ئەوپەڕی ڕێز بۆ مێردەکانیان دابنێن. منداڵان دەبێ گوێڕایەڵی دایكو باوکیان بن، چونکە ئەمە دڵی خودا شاد دەکات. دایكو باوك دەبێ بە بەکارهێنانی بنەمای خودایی منداڵەکانیان بە خۆشەویستییەوە پەروەردەو ڕێنماییان بکەن (ئەفەسۆس ٥:٢٢-٦:٤؛ کۆلۆسی ٣:١٨-٢١).
ڕوونکردنەوە لەسەر مەبەستەکانی خودا. زۆر لەبڕگەکانی یاساکەی موسا بۆ ئەوەبوون ڕێنمایو پارێزگاری ئیسرائیلییەکان بکەن تا هاتنی مەسیح (غەڵاتیە ٣:٢٤). لەگەڵئەوەشدا مەسیحییەکان بۆ خزمەتکردنی خودا پێویست ناکا یاساکەی موسا لەبەرچاو بگرن. کاتێك پۆلس نامەی بۆ مەسیحییە عیبرانییەکان نارد، ئەوانەی کە لەبنەڕەتدا جوولەکە بوون، تێیادا لەسەر مانای یاساکەی موساو هەروەها چونیەتی هاتنەدی مەبەستەکانی خودا لە عیسای مەسیحدا بەشێوەیەکی بەهێز بۆ ڕوونکردنەوە. پۆلس شیکردەوە کە هەندێك بڕگەی ئەو یاسایە نرخێکی پێشبینیانەیان هەبوو. بۆ نموونە قوربانیکردنی ئاژەڵان پێش دەرخستێنك بوو بۆ قوربانییەکەی عیسای مەسیح ئەوەی دەبێتە لێخۆشبوویی ڕاستەقینە لە گوناهەکان (عیبرانیەکان ١٠:١-٤). بەهۆی مردنی عیساوە خودا پەیمانی یاساکەی هەڵوەشاندەوە، چونکە ئیتر ئەو یاسایە پێویست نەبوو (کۆلۆسی ٢:١٣-١٧؛ عیبرانیەکان ٨:١٣).
ڕێنمایی گونجاو بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵی مەسیحی. پیاوێك کە دەیەوێ لەکۆمەڵی مەسیحی ببێ بە چاودێر دەبێ ئاستی ڕەووشتی زۆر بەرز بێتو لەبواری ڕۆحییەوە لێهاتوو بێت (١ تیمۆساوس ٣:١-١٠، ١٢، ١٣؛ تیتۆس ١:٥-٩). خزمەتکارانی یەهوە دەبێ بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ هاوڕێیانی باوەڕداریان کۆببنەوە بۆئەوەی ورەی یەکتر بەرزکەن (عیبرانیەکان ١٠:٢٤، ٢٥). ئەو کۆبوونەوانەی بۆ خزمەتکردن دەبەسترێن دەبێ فێرکەرو بوژێنەوەر بن (١ کۆرنسۆس ١٤:٢٦، ٣١).
پاش ماوەیەك پۆلس نامەی دووهەمی بۆ تیمۆسی نارد، پۆلسی گەڕابۆوە بۆ ڕۆما؛ سەر لەنوێ گرتبوویانو چاوەڕوانی دادگایی کردنەکەی بوو. تەنها چەن کەسێکی بەجەرگٔ وێرایان سەردانی بکەن. پۆلس دەیزانی کاتێکی کورتی بەدەستەوە ماوە، ئەو فەرمووی: «تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، قۆناغی خۆم بڕیوە، پارێزگاری باوەڕم کردووە» (٢ تیمۆساوس ٤:٧). وادیارە ماوەیکی کورت لەدوای ئەمە پۆلس بەئازرکێشانەوە شەهید کرا. بەڵام نامەکانی تاکو ئەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆ ڕێنماین بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ خودا بەڕاستی بپەرستن.
بەگوێرەی ڕۆما؛ بەندی ١ و ٢ کۆرنسۆس؛ غەلاتیە؛ ئەفسۆس؛ فیلیپی؛ کۆلۆسی؛ ١ و ٢ تەسالۆنیکی؛ ١ و ٢ تیمۆساوس؛ تیتۆس؛ فیلیمۆن؛ عیبرانیەکان.