شاهیدانی یەهوە کێن؟
شاهیدانی یەهوە کێن؟
ئایا ئێوە دەربارەی شاهیدانی یەهوە چی دەزانن؟ هەندێك بەوان دەڵێن پڕۆپاگەندەچی، پێکهێنەرانی ئایینێکی مەسیحی نوێ، تیرەیەکی مەسیحی کە کاریگەری جوولەکەیان لەسەرە یان توندڕەوێکن کە چارەسەری پزیشکی ڕەتدەکەنەوە. لەڕاستیدا شاهیدانی یەهوە هیچ کامێك لەمانە نین. بۆچی خەڵکی ئەم جۆرە بیروبۆچوونەیان دەربارەی ئەوان هەیە؟ بەشێوەیەکی گشتی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئەو خەڵکانە زانیاری هەڵەیان پێدراوە.
هەروەك ناوەکەیان دەریدەخا، شاهیدانی یەهوە شایەتی لەسەر یەهوە دەدەن. یەهوە کێیە؟ یەهوە ناوی ئەو خودا هەرەبەتوانایەیە کە لە لاپەڕەکانی پەرتووکی پیرۆزدا ئەو ناوەی بۆخۆی داناوە. a ئەمە نازناوێك نییە وەك خودا یاخود میر، بەڵکو ناوێکی تایبەتە. بەشێوەیەکی گشتی بەدرێژایی مێژوو هەرکەسێك کە شایەتی لەسەر شکۆمەندی خودا دابێ دەکرێ بەیەکێك لەشاهیدانی یەهوە لەقەڵەم بدرێت (دەرچوون ٣:١٣، ١٥؛ ئەشعیا ٤٣:١٠).
بەم جۆرە کاتێك پەرتووکی پیرۆز ناوی ئەو پیاوە باوەڕدارانەی سەردەمی کۆن دەهێنێت کە بە هابیل دەستپێدەکاو بە «هەورێکی گەورەی شایەتیدان» ناویان دەبات (عیبرانیەکان ١١:٤؛ ١٢:١). کەسانی بەرچاوی وەك نوح، ئیبراهیم، ئیسحاق، یاقوب، یوسف، موساو داود لە ڕیزی شاهیدانی خودا دانراون، واتە شاهیدانی یەهوەن. عیسای مەسیح بە «شایەتی دڵسۆزو سەرڕاست» ناسراوە (بینین ٣:١٤).
شاهیدان بۆچی پێویستن
پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ کە مرۆڤ بەتەواوی ئافرێندرابوو و لە بەهەشتدا جێگای پێدرابوو. ئافەریدگار توانای ژیانی هەمیشەییو بەرهەمهێنانی منداڵو پەیدابوون ١:٢٧، ٢٨).
بەرفراوان کردنی سنوورەکانی بەهەشتی لەسەرانسەری زەوی بە مرۆڤ بەخشی. لەو سەردەمەدا مرۆڤ خودای خۆی دەناسیو هیچ پێویستییەك بەشایەتیدان نەبوو (خودا بەهرەی خواستی سەربەستی بە مرۆڤ بەخشی، بەڵام دایكو باوکی یەکەممان بڕیارێکی هەڵەیان داو سەربەخۆییان لە خودا هەڵبژارد. لەکاتێکدا مرۆڤایەتی لەسەر زەوی تووشی گوناهو بەدکاری بوو، کەچی خودا تا ئێستاش هەر بە تەواویو ڕاستودروستیو پاکی ماوەتەوە. بەڵام خودای پیرۆزمان تەنها بۆماوەیەکی دیاریکراو ڕێگا بە گوناهو بەدکاری دەدات. پەرتووکی پیرۆز بۆمان دەردەخا کە ئێمە زۆر نزیکین لەکۆتایی ئەو ماوە دیاریکراوەی کە یەزدان ڕێگای پێداوە. بۆئەوەی مرۆڤ ئەم شتانە بزانێ، وایکرد کە ووشەکانی واتە تەوڕاتو زەبورو ئینجیل تا ئەم سەردەمەی ئێمە بەپارێزراوی بمێننەوە.
لەبەرئەوەی زۆربەی خەڵکی خودا ناناسن، ئەو خەڵکی دڵسۆزی ڕاسپاردووە تاکو شایەتی لەسەر بدەن. ئەو بەو کەسە دڵسۆزانە دەفەرمووێ: «ئێوە شایەتی منن» (ئەشعیا ٤٣:١٠). سەبارەت بەو کارەی کە ئەوان بەئەنجامی دەگەێنن دەفەرمووێ: «مزگێنی ئەم پادشاهێتییە لە هەموو جیهان ڕادەگەێندرێ، وەك شایەتییەك بۆ من لای هەموو میللەتان» (مەتتا ٢٤:١٤).
لەم سەردەمەدا زۆرتر لەهەموو کاتەکانی تر خەڵکی لەهەموو ڕەگەزو زمانو نەتەوەکاندا بەڕاستی لەووشەکانی خودا دەکۆڵننەوە. بۆیان دەرکەوتووە کە زۆر لەدابونەریتە ئایینییەکان سەرچاوەیەکی خودا نەناسانەیان هەیەو جێگای ڕەزامەندی خودا نیین.
هەروەك لەوانەیە ئێوە خۆشتان بزانن، هەندێك کەس ئایینیان بۆ مەبەستەکانی بازرگانی بەکارهێناوە. هەندێکی تر ئایینیان بۆ پێکانی ئامانجە ڕامیاریەکانی خۆیان بەکارهێناوە، یاخود لەسەر ئەستۆی هەژاران خۆیان دەوڵەمەند کردووە. ئایا پێتان وایە هەلپەرستانی ئایینی هەڵوێستیان چۆن دەبێت کاتێك شایەتیدانی ڕاستەقینە لەسەر خودا دەبینن؟ زۆر ئاساییە کە ئەوان هەست بە هەڕەشەلێکران دەکەن. ئەمە یەکێکە لەو هۆیانەی کە هەندێك کەس لەوانەیە بەخراپی باسی شاهیدانی یەهوە بکەن.
شاهیدانی یەهوە پابەندی پەرتووکی پیرۆز دەبن ئەگەر ئەمە پێویستی بە باجدانێکی زۆریش بێت. ئەوان ئایینێکی نوێیان پێکنەهێناوەو بەشێوەیەکی بنچینەیی بەگوێرەی نووسراوەکانی ناو تەوڕاتو زەبورو ئینجیل کاردەکەن کە بناغەی
ئایینی ڕاستەقینەن. ئەی کەواتە ئەوان چ باوەڕێکیان هەیە؟ ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لە فێرکردنەکانیان، بیانخوێننەوەو بڕوانن ئاخۆ ئەم فێرکردنانە ڕاستن یان نا.باوەڕیان بە سێیەکانە نییە
فێرکردنی سێیەکانە لەپەرتووکی پیرۆزدا بەرچاو ناکەوێ. بەڵکو پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ کە تەنها خودایەکی ڕاستەقینەو هەمیشەیی هەیە. «خوداوەند، خودامان یەك خوداوەندە» (وتەکان ٦:٤). ئەو ئافەریدگارە، هەمیشەییە، بەتواناترینە، کەس هاوتای ئەو نییە. عیسای مەسیح خودای بەتواناترین نییە. عیسای مەسیح وەك مرۆڤێکی تەواو لەسەر زەوی ژیاو لەپێناوی مرۆڤی ناتەواودا مرد. خودا بەمیهرەبانییەوە ژیانی پێشکەشکراوی عیسای مەسیحی وەك قوربانییەك قەبوڵ کرد، بەم جۆرە بەهۆی ئەوەوە ڕزگاربوون بۆ باوەڕداران مسۆگەر بوو. ئەمەش ویستی خودایە (لۆقا ٢٢:٤٢؛ ڕۆما ٥:١٢).
باوەڕیان بەوە نییە کە هیچ بەشێك لە مرۆڤدا نەمرە
کاتێ خەڵکی دەمرن چییان بەسەر دێت؟ ووشەی خودا دەفەرمووێ: «چونکە زیندووان دەزانن کە دەمرن، بەڵام مردووان هیچ نازانن» (کۆمکار ٩:٥). هیچ بەشێك لەمرۆڤدا نەمر نییە. ئەو خەڵکانەی کە پێیان وایە لەگەڵ مردووان قسەدەکەن، لەڕاستیدا لەگەڵ جنۆکەکان پەیوەندی دەکەن. بەهەمان شێوە کەس سوود لەو پاڕانەوانە وەرناگرێ کە بۆ مردووان دەکرێن تەنها ئەو پیاوە ئایینیانە نەبێ کە پارەی پێ پەیدادەکەن.
زیندووبوونەوە
هیوای ڕاستەقینە بۆ مرۆڤ زیندووبوونەوەیە، هەستانەوەیە لەمردن بۆ سەر ئەو زەوییەی کە بارودۆخە بەهشتیانەکەی بۆ گەڕاندراوەتەوە. ئەوانەی کە خودایان پەرستووە، ئەمە دەبێتە پیرۆزییەك بۆ دڵسۆزییەتیەکەیان. ئەوانەی کە مردوون بێئەوەی خودایان ناسیبێ، لەبەهەشتدا ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێ. کەواتە لەبەهەشتدا «هەستانەوەی مردووانە بە خراپو باشیان» (کرداری نێرراوان ٢٤:١٥). تەنها ئەوانەی کە خودا بەبێ نرخیان دادەنێ زیندوو نابنەوە.
باوەڕیان بە ئاگری دۆزەخ نییە
خودایەکی پڕ خۆشەویستی هەرگیز جێگایەك دروست ناکات کە تیایدا مردووان بۆ هەمیشە ئازاربکێشن. خودا لەسەر سووتاندنو ئازاردانی مرۆڤ ئەمە دەفەرمووێ: «من نە فەرمانم پێ کردووە و نە بەدڵمدا هاتووە» (یرمیا ٧:٣١).
باوەڕیان بەچارەنووس نییە
خودا هیچ شتێکی لەنێوچاوانی مرۆڤ نەنووسیوە. هیچ چارەنووسێك نییە کە داهاتووی ئێمە دیاری بکات بەر لەوەی لەدایك ببین. ئێمە بەرپرسیاری ئەو کارانەین کە دەیانکەینو ئەو بڕیارانەی کە دەیاندەین. «هەریەك لەئێمە لەبارەی خۆیەوە لێپرسینەوەی هەیە لەبەردەم خودا» (ڕۆما ١٤:١٢).
دەستەی پیاوانی ئایینیان نییە
هەموو ئەوانەی لەپێناوی خودا کاردەکەن لەبەر چاوی ئەودا یەکسانن. خوداپەرستانی ڕاستەقینە هەموویان خوشكو بران. خودا هیچ دەستەیەکی باڵای پیاوانی ئایینی دەستنیشان نەکردووە. عیسای مەسیح فەرمووی: «ئەوەی خۆی بەرز بگرێ نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم دەکاتەوە بەرز دەکرێتەوە» (لۆقا ١٨:١٤). خودا داد بەسەر ئەوانەدا دەدا کە بەهۆی ئایینەوە خۆیان لە کەسانی تر بە بەرزتر دادەنێن (مەتتا ٢٣:٤-١٢).
بتپەرستی ناکەن
«خودا ڕۆحە، ئیتر لەبەر ئەوە دەبێ ئەوانەی دەیپەرستن بەڕۆحو بەڕاستی بیپەرستن» (یۆحەننا ٤:٢٤). خوداپەرستانی ڕاستەقینە هیچ بتێك بەکارناهێنن.
لەڕامیاریدا بێلایەنن
عیسای مەسیح فەرمووی ئەوانەی بەدوای ئەو دەکەون «سەر بە جیهان نین» (یۆحەننا ١٧:١٦). بەم جۆرە شاهیدانی یەهوە خۆیان لەڕامیاری نەتەوەییو ناوچەییدا هەڵناقورتێنن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان سەر بۆ یاسا دادەنەوێنن (ڕۆما ١٣:١، ٥-٧).
ڕەوشتی پایە بەرز
عیسای مەسیح ڕوونیکردەوە کە چۆن خوداپەرستانی ڕاستەقینە دەناسرێنەوە: «ڕاسپاردەی من بۆ ئێوە ئەوەیە: یەکتریتان خۆش بوێ هەروەك من خۆشمویستن» (یۆحەننا ١٥:١٢، ١٣). بەندێکی تری پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «بەرووبوومی ڕۆح بریتییە لە: خۆشەویستیو خۆشیو ئاشتی، ئارام گرتن، ڕۆح سووکیو چاکە، باوەڕ، نیانیو خۆڕاگرتن» (غەڵاتیە ٥:٢٢، ٢٣). ئەوانەی ئەم تایبەتمەندییانەیان تێدا بەدیدەکرێ درۆ ناکەن، دزی ناکەن، قومار ناکەن، تلییاك ناخۆنو داوێنپیسی ناکەن (ئەفەسۆس ٤:٢٥-٢٨). ئەوان خودایان خۆشدەوێو هەر لەبەر ئەمە خۆیان لەو کارانە دەپارێزن کە خودا ڕقی لێیانە. ژیانی شاهیدانی یەهوە لەسەر ئەم بنەمایانەوە بەڕێوەدەچێ.
نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەم زەمانە
ئەم سەردەمەی ئێمە چ جیاوازییەکی لەگەڵ سەردەمەکانی پێشوودا هەیە؟ هاتنەدی پێشبینییەکان دەریدەخەن کە ئێمە لە ڕۆژانی کۆتایی زەمانەی ئەم جیهانەدا دەژین (دانیال ٢:٤٤). ئەو پرسیارەی کە لەم ڕۆژگارەدا دێتە ئاراوە ئەمەیە: ئایا کردەوەکانی ئێمە جێگای ڕەزامەندی خودان؟ خودا یەکەو دەبێ تەنها یەك ئایینی ڕاستەقینەش هەبێت. ئەم ئایینەش ناکرێ لەگەڵ تەوڕاتو زەبورو ئینجیلدا نەگونجاو بێت.
ئەمەش ئەوەیە کە شاهیدانی یەهوە دەیکەن. تۆش هەر ئایینێکت هەبێت دەبێ هەمان کار بکەیت. لەم بوارەدا هیچ کەسێك ناتوانێ بڕیارت بۆ بدات. لەبیرت بێت «هەر یەك لەئێمە لەبارەی خۆیەوە لێپرسینەوەی هەیە لەبەردەم خودا» (ڕۆما ١٤:١٢).
هیچ کەسێك لەکاتی لەدایکبوونی شاهیدی یەهوە نییە. هەر شاهیدێك بڕیارێکی خۆیانەی داوە. دوای لێکۆڵینەوەیەکی ڕاستانە لەسەر ووشەی خودا، لێکۆڵەرەوەکە ڕاستی دەناسێتەوەو لەسەر ئەم بناغەیە خۆی بۆ خودا تەرخان دەکات. ئەگەر تۆش لێکۆڵینەوەیەکی لەو جۆرەت دەوێ ئەوا نامە بۆ یەکێك لەو ناونیشانانەی خوارەوە بنووسە.
ئایەتەکان هەندێکیان لە ئینجیلی پیرۆز، پەیمانی نوێی حەزرەتی عیسا چاپی ساڵی ١٩٩٨و پەیمانی کۆن چاپی ساڵی ٢٠٠٨و هەندێکی تریان لە «وەرگێڕانی جیهانی نوێی» پەرتووکی پیرۆز بە زمانی ئینگلیزی وەرگیراون.
[ژێرنووسەکان]
a پەرتووکی پیرۆز بەوە ناسراوە کە لە تەوڕاتو زەبورو ئینجیل پێکهاتووە. بەلانی کەم ٦٤ ئایەتی قورئان دەربارەی ئەم پەرتووکانە دەدوێو وەك ووشەی خودا باسیان دەکاتو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێ بخوێندرێنەوەو جێبەجێ بکرێن. هەندێك کەس بانگەشەی ئەوەدەکەن تەوڕاتو زەبورو ئینجیل گۆڕدراون. بەڵام بەووتنی ئەمە نکۆڵی لە ووتەکانی قورئان دەکەنو دەڵێن خودا ناتوانێ پارێزەری ووتەکانی خۆی بێت.