ئایا ژیان هیچ مەبەستێکی تێدایە؟
بەشی ١
ئایا ژیان هیچ مەبەستێکی تێدایە؟
١. ئایا زۆرجار خەڵکی سەبارەت بە مەبەستی ژیان چ پرسیارێك دەکەن، هەروەها کەسێك سەبارەت بەمە چی دەڵێ؟
زوو یان درەنگ زۆر کەس بیر دەکەنەوە ئایا مەبەست لەژیان چییە؟ ئایا کارکردنێکی سەختە تا بارودۆخی ژیانمان باشتر بکەین، بەخێوکردنی ماڵومنداڵمان، کە لەوانەیە دوای تەمەنی ٧٠ یان ٨٠ ساڵی دەمرینو بۆ هەمیشە کۆتایی بە بوونمان دێت؟ گەنجێك کە بەم شێوەیە بیری دەکردەوە ووتی ژیان هیچ مەبەستێکی تری تێدا نیە جگە لەوەی «ژیان، منداڵ دروستکردن، کامەرانیو دواتر مردن». بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە؟ ئایا مردن بەڕاستی کۆتایی هەموو شتێکە؟
٢، ٣. بۆچی کۆکردنەوەی ماڵو سامان بەتەنها بەس نییە بۆ بەخشینی مانا بە ژیان؟
٢ زۆرکەس، لەووڵاتانی ڕۆژهەڵاتو ڕۆژئاوا، پێیان وایە کە گرنگترین مەبەست لەژیان کۆکردنەوەی ماڵو سامانە. ئەوان لەوباوەڕەدان کە ئەمە دەمانگەێنێتە ژیانێکی کامەرانو پڕ مانا. بەڵام ئایا بارودۆخی ئەو کەسانە چۆنە کە ماڵو سامانێکی زۆریان هەیە؟ هاری بروسی نووسەری کەنەدی دەڵێ: «ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەر لە دەوڵەمەندەکان سوورن لەسەرئەوەی کە ئەوان کامەران نین.» دواتر درێژەی پێدا: «ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەمەریکای باکور تووشی ڕەشبینییەکی ترسناك بووە . . . ئایا هیچ کەس لێرە کامەرانە؟ ئەگەر وایە، نهێنییەکەی چییە؟»
٣ جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەریبڕی: «بۆمان دەرکەوت کە هەبوونو بەکارهێنانی ماڵو سامان ئارەزووی ژیانێکی کامەران تێرناکات . . . ماڵوسامان کۆکردنەوە ناتوانێ ئەو بەتاڵییەی ژیانێکی بێدڵنیاییو بێمەبەست پڕبکاتەوە». سەرکردەیەکی ڕامیاری تر ووتی: «من ماوەی چەند ساڵێکە بەچڕی بەدوای ڕاستییەکان دەربارەی خۆمو ژیانمدا دەگەڕێم؛ زۆر کەسی تر کە دەیانناسم بەهەمان شێوە خەریکی ئەوەن. ئێستا زیاتر لەهەر سەردەمێکی پێشووتر خەڵکێکی زۆر پرسیار دەکەن: ئێمە کێین؟ مەبەست لە ژیانمان چییە؟»
بارودۆخی زۆر خراپتر
٤. بۆچی هەندێ کەس گومانیان هەیە لەوەی کە ژیان مەبەستێکی هەیە؟
٤ لەکاتێکدا کە بارودۆخەکان خراپتر دەبن زۆرکەس گومان دەکەن لەوەی ئایا ژیان مەبەستێکی هەیە. لەسەرانسەری جیهاندا زۆرتر لە یەك ملیار کەس بەسەختی نەخۆشن یان بەدخۆراکیان هەیە کە هەموو ساڵێك دەبێتە هۆی مردنی شەش ملیۆنونیو منداڵ. لە سەرجەمی ٦،٦ ملیارد کەسی دانیشتووانی سەر زەوی لەساڵی ٢٠٠٧ دا کەهەرساڵێك ٧٠ ملیۆن زۆر دەبێ، لەسەدا ٩٠ی ئەم زۆربوونە دەکەوێتە ئەو ووڵاتانەی کە لەگەشەکردندان. بەهۆی ئەم زۆربوونەی نیشتەجێبووان، پێویستی خۆراكو خانوو پیشەسازی زۆرتر دەبێت، کە بەهۆی پاشەڕۆی پیشەسازییەوە زیانی زۆرتر بە خاكو ئاوو هەوا دەگەێنێت.
٥. چی بەسەر ڕووەکی سەر زەویدا دێت؟
٥ بڵاوکراوەی «خەرجی سەربازیو کۆمەڵایەتی جیهانی ساڵی ١٩٩١» (بە زمانی ئینگلیزی) ڕایدەگەێنێ: «هەموو ساڵێك دارستانێك بە گەورەیی خاکی بەریتانیا لە ناو دەبرێت. بەو خێراییەی ئێستا لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لەسەدا ٦٥ی ناوچە شێدارو گەرمەسێرەکان لەناو چوون». لەو ناوچانەدا بەگوێرەی ئاژانسێکی ووڵاتە یەکگرتووەکان لەبەرامبەر هەر دارێك کە دەڕوێندرێ دە دار لەناودەبردرێ؛ ئەو ڕێژەیە لە ئەفریقادا یەك بە بیستە. کەواتە ناوچەی بیابان لەزۆربووندایەو هەموو ساڵێك ناوچەیەکی کشتوکاڵی بەگەورەیی بەلجیکا لەناودەچێ.
٦، ٧. هەندێ لەو کێشانە چین کە پێشەواکانی مرۆڤ ناتوانن چارەسەریان بکەن، ئەو پرسیارانە کامانەن کە دەبێ وەڵام بدرێنەوە؟
٦ هەروەها لەسەدەی بیستەمدا ژمارەی کوژراوانی جەنگ چوارئەوەندەی سەرجەمی ئەوانەن کە لە چوارسەدەی ڕابردوودا کوژراون. لەهەموو شوێنێك تاوان سەرهەڵدەدا، بەتایبەتی تاوانی توندوتیژی، هەڵوەشانی خێزان، بەخراپ بەکارهێنانی ماددە بێهۆشکەرەکان، ئایدز، نەخۆشە گوێزەرەوەکانی سێکسی، هەروەها هۆکاری نێگەتیفانەی تر ژیان سەختتر دەکەن. هەروەها سەرکردە جیهانییەکان نەیانتوانیوە چارەسەرێك بدۆزنەوە بۆ ئەو کێشە زۆرانەی کە خێزانی مرۆڤایەتی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. کەواتە زۆر شتێکی ئاساییە کە خەڵك دەپرسن: مەبەستی ژیان چییە؟
٧ ئایا زانایانو پێشەوایانی ئایینی ئەم پرسیارەیان چۆن تاوتوێکرد؟ ئایا دوای بەسەرچوونی ئەو هەموو سەدانە هیچ وەڵامێکی ئاسوودەبەخشیان داوەتەدەست؟
ئەوان چی دەڵێن؟
٨، ٩. (ا) ئایا زانایەکی چینی سەبارەت بە مەبەستی ژیان چی دەڵێ؟ (ب) یەکێ لە ڕزگاربووانی ئۆردوگای نازییەکان چی ووت؟
٨ زانای کۆنفۆشوسی تو وەیمینگ ووتی: «مانای بنەڕەتی ژیان لە ناخی ئێمەی مرۆڤی ئاساییدا شاراوەیە». بەگوێرەی ئەم تێڕوانینە دەبێ مرۆڤ بەردەوام لە بازنەیەکی لەدایکبوونو کۆششکردن بۆمانەوەو مردندا بمێنێتەوە. ڕوانگەیەکی لەم جۆرە هیوایەکی کەم بۆ ژیان دەهێڵێتەوە. بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە؟
٩ ئێلی ویزل، یەکێك لە ڕزگاربووانی ئۆردوگای نازییەکان لەجەنگی جیهانی دووەمدا تێبینیکرد: « ‹ئێمە بۆچی لێرەین؟› ئەوە گرنگترین پرسیارە کە مرۆڤ ڕووبەڕووی دەبێتەوە . . . من باوەڕدەکەم ژیان مانایەکی هەیە سەرەڕای ئەو مردنە بێمانایەی بینیومە». بەڵام ئەو نەیتوانی بڵێ مانای ژیان چییە.
١٠، ١١. (ا) ڕۆژنامەنووسێك چۆن ڕوونی کردەوە کە مرۆڤ وەڵامەکە نازانێ؟ (ب) بۆچی ڕوانگەی زانایانی بیردۆزی پەرەسەندن ئاسوودەبەخش نییە؟
١٠ ڤێرمۆنت ڕۆستەری ڕۆژنامەنووس ووتی: «لە چاوپێخشاندنێك بە مرۆڤدا . . . لە شوێنەکەی لەم گەردوونەدا، ئێمە تەنها هەنگاوێکی کورتمان ناوە لەکاتی سەرەتاوە. ئێمە تا ئێستاش دەگەڕێین بەدوای وەڵامی پرسیاری وەك ئێمە کێین، بۆچی ئێمە بوونمان هەیەو بەرەو کوێ دەچین».
١١ ستیڤان جەی زانایەکی بیردۆزی پەرەسەندن a دەڵێ: «لەوانەیە بە پەرۆشی وەڵامێك بین لە ئاستێکی بەرزتردا، بەڵام وەڵامێکی ئاوا بوونی نییە». بۆ لایەنگرانی بیردۆزی پەرەسەندن ژیان ململانێیەکە بۆ ڕزگاربوونی ئەوانەی کە لەهەمووان زۆرتر شایەنی مانەوەنو هەروەها مردنیش کۆتایی هەموو شتێکە. ئەو ڕوانگەیەش هیچ هیوایەك نادا بەدەستەوە. دیسان: ئایا ئەمە ڕاستە؟
١٢، ١٣. ئایا ڕوانگەی کاهینەکانی کڵێسە چییە، ئایا ئەوە لەهیچ ڕوویەکەوە لەڕوانگەی زانایانی جیهان ئاسوودەبەخشترە؟
١٢ زۆر لە پێشەوایانی ئایینی دەڵێن مەبەست لە ژیان، ژیانبەسەربردنە بەرێگەیەکی ڕاست تاکو لەکاتی مردندا رۆح بەرەو ئاسمان بڕوات بۆئەوەی لەوێدا بۆ هەمیشە بمێنێتەوە، ئەوەی کە بە خراپکارانیش دەدرێ، ئازاردانێکی هەمیشەییە لە ئاگری دۆزەخ. لەهەمان کاتدا بەگوێرەی ئەو باوەڕە مرۆڤ لەسەرزەوی بوونێکی نائاسوودەیی دەبێت، هەروەك ئەو بارودۆخەی کە بەدرێژایی مێژوو تێیدابووە. بەڵام ئەگەر خودا مەبەستی بووایە مرۆڤ وەك فریشتە لەئاسماندا بژیایە، بۆچی ئەو هەر لەسەرەتاوە مرۆڤی لەئاسمان نەئافراند، هەروەك ئەو فریشتەکانی لەوێ ئافراند؟
١٣ تەنانەت قەشەکانیش لەگەڵ ئەم بیروبۆچوونەدا کێشەیان هەیە. دکتۆر ئینگ، کاهینی پێشووی کڵێسەی سەرەکی سان پۆل لە لەندەن جارێك ووتی: «بەدرێژایی ژیانم تێکۆشاوم بۆئەوەی بزانم مەبەستی ژیان چییە. هەوڵمدا چارەسەر بۆ سێ کێشەی بنچینەیی بدۆزمەوە. کێشەی هەمیشەیی؛ کێشەی کەسایەتی مرۆڤ؛ کێشەی بەدکاری. شکستم هێناو چارەسەرم بۆ هیچ کامیان نەدۆزییەوە».
کاریگەرییەکە
١٤، ١٥. ئایا ئەو ڕوانگە دژبەیەکانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر بەشێکی زۆری خەڵك هەیە؟
١٤ ئەو هەموو بیروبۆچوونە جیاوازانەی زانایانو پێشەوائایینییەکان سەبارەت بە پرسیاری مەبەستی ژیان چییە، کاریگەرییەکەی چییە؟ هەڵوێستی زۆرکەس هەروەك ئەو پیرەمێردەیە کە دەڵێت: «زۆربەی کاتی ژیانم لە خۆمم پرسیوە من بۆچی لێرەم. ئەگەر مەبەستێکیش لەئارادایە، ئەوە من ئیتر بایەخی پێنادەم.»
١٥ زۆرکەس لەوانەی کە سەرنجیان داوەتە ئەو بیروباوەڕە زۆرانەی لەنێوان ئایینەکاندا هەن دەگەنە ئەو ئاکامە کە بەڕاستی گرنگ نییە مرۆڤ چ بڕوایەکی هەبێت. ئەوان پێیان وایە کە ئایین تەنها شتێکە بۆ زاخاوی مێشك، تەنها بڕێکی کەم دڵنەواییو ئاشتیدەرونی بەدەستدەدات، تاکو مرۆڤ بتوانێ ڕووبەڕووی کێشەکانی ژیان ببێتەوە. زۆرکەسی تر پێیان وایە ئایین جگە لە بیروباوەڕی پڕوپوچ هیچ شتێکی تر نییە. ئەوان پێیان وایە کە ئەو سەدە ڕابردووانەی خەمڵاندنی ئایینی هیچ وەڵامێکی ئەم پرسیارە ناداتەوە کە دەڵێ مەبەستی ژیان چییە، هەروەها نەیانتوانیوە ژیانی خەڵکی باشتر بکەن. لەڕاستیدا مێژوو دەریدەخات کە ئایینەکانی جیهان رێگە بە ڕەوتی پێشکەوتنە مرۆڤایەتییەکان دەگرنو بونەتە هۆکاری ڕقوقینەو جەنگ.
١٦. ئایا دۆزینەوەی مەبەستی ژیان گرنگییەکەی چەندە؟
١٦ بەڵام، ئایا ئەوەندە گرنگە ڕاستی دەربارەی مەبەست لەژیان چییە بدۆزینەوە؟ ڤیکتۆر فرانك، پسپۆڕی دەروونناسی وەڵام دەداتەوە: «کۆششکردن بۆئەوەی ژیان مانایەکی هەبێ، گرنگترین هێزی پاڵنەرە لە مرۆڤدا . . . دەوێرم بڵێم، هیچ شتێك لە جیهاندا نییە بتوانێ بەشێوەیەکی کاریگەر هانی کەسێك بدات بۆ دەربازبوون لە خراپترین بارودۆخەکاندا، بەو ڕاددەیەی کە زانیاری دەربارەی مانای ژیان دەیدات».
١٧. ئێمە ئێستا پێویستیمان بەهێنانەگۆڕی کام پرسیارانەیە؟
١٧ لەکاتێکدا کە فەیلەسوفەکانو پێشەوا ئایینییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ئاسوودەبەخشیان بەدەستەوەنییە سەبارەت بەوەی کە مەبەستی ژیان چییە، دەبێ هانا بۆ کێ بەرین بۆئەوەی ئەو وەڵامە بدۆزینەوە؟ ئایا هیچ سەرچاوەیەکی ژیری بێهاوتا هەیە بتوانێ ڕاستیمان دەربارەی ئەم بابەتە پێ بڵێ؟
[پاورقیها]
a ئەمە ئەو بیردۆزەیە کە دەڵێ، زیندەوەر بەرهەمی ڕێکەوتە نەك بەهۆی خوداوە ئافەریدەکرابێ، ئەو بیردۆزەی کە دەڵێ مرۆڤ لە مەیمونەوە هاتووە.
[سؤالات مقالهٔ مطالعهیی]
[تصوير در صفحهٔ ٤]
«هەموو ساڵێك دارستانێك بە گەورەیی خاکی بەریتانیا لە ناو دەبرێت»
[تصوير در صفحهٔ ٥]
«زۆربەی کاتی ژیانم لە خۆمم پرسیوە من بۆچی لێرەم»