ئەو هەموو ئازارو ناڕاستییە بۆچی
بەشی ٦
ئەو هەموو ئازارو ناڕاستییە بۆچی
١، ٢. بەگوێرەی ئەزموونەکانی مرۆڤ، کام پرسیارانە دێنە کایەوە؟
١ بەڵام ئەگەر یەزدانی مەزن مەبەستی بوو مرۆڤی تەواو بۆ هەمیشە لەسەرزەوی لەژێر بارودۆخێکی بەهەشتیانە بژێنێ، ئەگەر ئەو ئێستاش ئەو مەبەستەی هەیە، بۆچی بەهەشت ئێستا نییە؟ سەرەڕای ئەمەش بۆچی مرۆڤایەتی بەدرێژایی ئەو هەموو سەدانە ئەزموونی ئەو ئازارو نادادوەرییە دەکات؟
٢ بێگومان مێژووی مرۆڤایەتی ماڵوێرانییەکە بۆخۆی، کە بەهۆیەکانی وەك جەنگی ئیمپریالیزمی، زۆرداری، ناڕاستی، برسێتی، کارەسات، نەخۆشیو مردن تووشی بووە. بۆچی ئەو هەموو کارە خراپانە بەسەر ئەو خەڵکە بێتاوانانە هاتوون؟ ئەگەر خودا بەتواناترینە، بۆچی بەدرێژایی هەزاران ساڵ ڕێگای بەو هەموو ئازارە داوە؟ لەکاتێکدا کە ئەو گەردوونی بەو ڕێكوپێكو ووردیە ئافراندووە، بۆچی ئەو ڕێگا بەو ناڕێکییەی سەرزەوی دەدات؟
نموونەیەك
٣-٥ (ا) چ نموونەیەك دەتوانێ بۆمان ڕوونبکاتەوە کەخودایەکی ڕێكوپێك ڕێگا بە ناڕێکی سەرزەوی دەدات؟ (ب) کام لە چارەسەرە جیاوازەکان دەکرێ لەگەڵ بارودۆخەکانی زەوی بەراوورد بکرێن؟
٣ لێگەڕێن با بە هۆی نموونەیەکەوە ڕوونیبکەینەوە بۆچی خودایەکی ڕێکوپێك ڕێگا بەناڕێکی سەرزەوی دەدات. بیهێنە بەرچاوت تۆ لەناو دارستانێکدا پیاسەدەکەیت و تووشی خانوویەك دەبیت، کاتێ کە لەخانووەکە وورددەبیتەوە پەرتوبڵاویو ناڕێکیت دێتە بەرچاو، شوشەی پەنجەرەکان شکاون، سەربانەکەی زۆر زەرەری پێگەیشتووە، بەرهەیوانە لەتەختەدارەکەی پڕە لە کونی گەورە، دەرگایەکە بە یەك ئەنجامەوە ماوەتەوە، نەگازی سوتاندنو نە ئاوی تێدایە.
٤ ئایا تۆ، سەرەڕای ئەو هەموو شتە خراپانە، دەگەیتە ئەو ئاکامەی کە بڵێیت، ئەم خانووە هەرگیز کەسێکی زیرەك نەخشەی نەکێشاوە؟ ئایا ئەو ناڕێکییە وادەکا باوەڕبکەیت کە ئەم خانووە لەخۆیەوەو بە ڕێکەوت دروستبووە؟ یاخود ئەگەر بگەیتە ئەو ئاکامەش کە بەڵێ ئەو خانووە لەلایەن کەسێکەوە نەخشەکێشراوە، ئایا پێتوایە ئەو کەسە بەناکارامەییو نەزانی دەستی بەدروستکردنی کردبێ؟
٥ کاتێك کە باشتر لە خانووەکە دەکۆڵییەوە، دەبینی کە لەبنەڕەتدا زۆر بەباشی، بەزاناییو بایەخەوە دروستکرابوو. بەڵام ئێستا بایەخی پێنەدراوەو بەرەو کاول بوون دەڕوات. ئایا کێشەکانو شتە شکاوەکانی ئەم خانوە چی نیشان دەدەن؟ نیشانی دەدەن کە (١) خاوەنەکەی مردووە؛ (٢) دروستکەر وەستایەکی کارامەیە بەڵام هیچ بایەخێکی تری بەخانووەکە نەداوە؛ یان (٣) بۆماوەیەکی کاتی خانووەکەی بەکرێداوە بەخەڵکێك کە هیچ نرخێکیان بۆ خانووەکە دانەناوە. ئەمەی سێهەم لەگەڵ بارودۆخی ئێستای زەوی دێتەوەیەك.
چ هەڵەیەك ڕوویدا؟
٦، ٧. ئادەمو حەوا چییان بەسەرهات کاتێك کە یاسای خودایان پێشێل کرد؟
٦ لە بەسەرهاتە کۆنەکانی پەرتووکی پیرۆزدا بۆمان دەردەکەوێ کە خودا مەبەستی نەبوو مرۆڤ ئازاربکێشێو بمرێ. یەکەم دایكو باوکمان ئادەمو حەوا مردن تەنها لەبەرئەوەی لە خودا یاخی بووون. (پێکهێنان [١ موسا] بەشی ٢ و ٣). کاتێك کە یاخی بوون، ئیتر ویستی خودایان جێبەجێ نەدەکرد. خۆیان لەژێر سایەو بایەخدانی خودا لادا. لەڕاستیدا خۆیان لە خودا جیاکردەوە کە «کانی ژیان لای تۆیە [خودا]» (زەبور ٣٦:٩).
٧ هەروەك کە ئامێریك هێواش هێواش ڕادەوەستێ کاتێك کە سەرچاوەی ووزەکەی دادەبڕێ، لەشو هۆشی ئادەمو حەواش دەستی بەهەڵوەشان کرد. بەهۆی ئەمەوە بارودۆخی ئادەمو حەوا بەرەو خراپی ڕۆیشتنو پیربوونو لەکۆتاییدا مردن. ئەو کاتە چی ڕوویدا؟ بۆ ئەوە گەڕانەوە کە لێیهاتبوون. «چونکە تۆ لەخۆڵیت و بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە». خودا ئاگاداری کردبوونەوە کە ئاکامی پێشێلکردنی یاسای خودا مردنە. «بەڕاستی دەمریت» (پێکهێنان [١ موسا] ٢:١٧؛ ٣:١٩).
٨. گوناهی یەکەم دایكوباوکمان چۆن کاریگەری لە سەر هەموو خێزانی مرۆڤایەتی کرد؟
٨ نەك تەنها یەکەم دایكو باوکمان مردن، بەڵکو نەوەی مرۆڤ، ئەوانیش ملکەچی مردنن. ئەمە چۆن هات؟ چونکە منداڵان بەگوێرەی یاسای بۆماوەزانی خووڕەووشتی دایكو باوکیان بەمیرات دەگرن. هەموو ئەوەی کە منداڵان لەیەکەم دایكوباوکمانەوە بەمیرات وەریان گرت، ناتەواویو مردنە. ڕۆما ٥:١٢ باسدەکات کە یەکەم دایكو باوکمان: «لەبەرئەمە چۆن بەهۆی یەکێك [ئادەم کە باوکی هەموو مرۆڤە] گوناه هاتە جیهان، بەهۆی گوناهیش مردن، بەهەمان شێوە مردنیش بۆ هەموو مرۆڤێك هات، چونکە هەموویان گوناهیان کرد،[بەهۆی ئەوەی کە ناتەواوی واتە ئارەزووی بەدکارییان بەمیرات گرت]». لەبەرئەوەی مرۆڤ بە گوناه و ناتەواویو مردن ئاشنایە، هەندێك کەس پێیان وایە کە شتێکی سروشتیینو هەردەبێت ڕووبدەن. بەڵام مرۆڤی بنەڕەتی ئافراندرابوو تاکو بتوانێ ئارەزووی ژیانی هەمیشەیی بکا. هەربۆیە زۆربەی خەڵکی بیرۆکەی ئەوەی کە ژیان بەهۆی مردنەوە دەپچڕێندرێ مرۆڤ زۆر نائومێددەکات.
بۆچی ئەوندەی خایاند؟
٩. بۆچی خودا ئەو ماوە دووروودرێژە ڕێگای بە ئازار دا؟
٩ بۆچی خودا ئەو هەموو ماوە دوورودرێژە بەم شێوەیە ڕێگای بەمرۆڤدا ڕێگای خۆیان بگرنە بەر؟ بۆچی بەدرێژایی ئەو هەموو سەدانە ڕێگای بەبوونی ئازاردا؟ هۆکارێکی سەرەکی ئەوەیە کە پرسیارێکی پڕ کێشە سەریهەڵدا، ئەویش: کێ مافی فەرمانڕەوایکردنی هەیە؟ ئایا دەبێ خودا فەرمانڕەوای مرۆڤ بێت، یاخود مرۆڤ خۆی بەبێ خودا دەتوانی فەرمانڕەوایی خۆی بکات؟
١٠ مرۆڤ چ توانایەکی پێدراو بە چ بەرپرسیارییەکەوە؟
١٠ مرۆڤ بەویستی سەربەستەوە ئافراندرا، واتە توانای هەیە هەڵبژێرێ. کەواتە ئەوان وەك ڕۆبۆت نەبوون یان وەك ئاژەڵ کەزۆربەیان بە پاڵنەری نەژادییەوە بەڕێوەدەچن. کەواتە مرۆڤ دەتوانێ هەڵبژێرێ کێ دەپەرستێ (لاوین [٥ موسا] ٣٠:١٩؛ ٢ کۆرنسۆس ٣:١٧). بۆیە ووشەکەی خودا ئامۆژگاریمان دەکات: «وەك مرۆڤی سەربەست بژین، بەڵام سەربەستی نەکەن بە پەردە بۆ بەدکاری، بەڵکو وەك بەندەی خودا بژین» (١ پەترۆس ٢:١٦). بەڵام هەرچەندە مرۆڤ خاوەن دیارییەکی نایابە کە مافی سەربەستییە لە هەڵبژاردن، دەبێ ئاکامی هەڵبژاردنەکانیشی پەسەندبکات.
١١. تاکە ڕێگا بۆئەوەی دەریبخات ئاخۆ مرۆڤ بە سەربەخۆیی لەخودا سەرکەوتوو دەبێت کامەیە؟
١١ دایكوباوکی یەکەممان هەڵبژاردنێکی هەڵەیان کرد. ئەوان سەربەخۆییان لەخودا هەڵبژارد. بەڵێ ڕاستە خودا دەیتوانی یەکەم ژنومێرد یاخیبوو دوای ئەوەی کە ویستی سەربەستییان بەخراپی بەکارهێنا یەکسەر لەناوبەرێ. بەڵام ئەمە چارەسەری بابەتەکە نەبوو کە پەیوەندی بە مافی خودا لە فەرمانڕەواییکردنەوە هەبوو. لەبەرئەوەی یەك ژنومێرد دەیانویست لە خودا سەربەخۆبن، دەبوایە ئەم پرسیارە وەڵام بدرێتەوە: ئایا ئەو هەڵسوکەوتە ئاکامەکەی ژیانێکی پڕ کامەرانی دەبوو؟ تاکە ڕێگا بۆ دەرکەوتنی ئەمە، ڕێگاپێدان بوو بەیەکەم ژنومێردو نەوەکانیان تا ڕێگای خۆیان بگرنەبەر کە خۆیان هەڵیانبژاردبوو. کات دەریدەخات ئایا مرۆڤ بۆئەوە ئافراندرابوون تاکو سەربەخۆ لە ئافەریدگاریان فەرمانڕەوایەتی خۆیان بکەن؟
١٢. یرمیا فەرمانڕەوایەتی مرۆڤی چۆن هەڵسەنگاند، بۆچی ئەمە ڕاستە؟
١٢ نووسەری پەرتووکی یرمیا (بەشێك لە پەرتووکی پیرۆز) دەیزانی کە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە چی دەبێت. ڕێنمایکراو بەهۆی ڕۆحی پیرۆزی بەهێزو کاریگەری خوداوە بەڕاستی نووسی: «زانیم ئەی خوداوەند کە مرۆڤ ڕێگای خۆی نییە، پیاوێك کە بڕوات بۆی نییە ئاڕاستەی بکات هەنگاوەکانی. تەمێم بکە ئەی خوداوەند» (ئیرمیا ١٠:٢٣، ٢٤). ئەو دەیزانی کە مرۆڤ پێویستی بە دانایی ئاسمانی خودا هەیە. بۆچی؟ بەساکاری، چونکە خودا مرۆڤی نەئافراندووە تاکو بەبێ ڕێنمایی ئەو بتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
١٣. ئایا بەبێ هیچ گومانێك ئەو چەند هەزارساڵەی فەرمانڕەوایەتی مرۆڤ چی دەردەخات؟
١٣ ئاکامی هەزاران ساڵ لە مێژووی فەرمانڕەوایەتی مرۆڤ بێ هیچ گومانێك نیشانی دەدەن کە مرۆڤ دوور لە ئافەریدگارەکەی توانای بەڕێوەبردنی کارەکانی خۆی نییە. لەکاتێکدا ئەوان ئێستا ئەوەی لەدەستیانهات کردیان، تاوانی ئەو ئاکامە وێرانکەرە دەتوانن بدەنە پاڵ یەکتر. پەرتووکی پیرۆز ڕوونی دەکاتەوە: «چیایە، کردارەکانی تەواوە، چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرە، خودایەکی دڵسۆز، ستەمکاری تیا نییە، ڕاستگۆ و ڕاستە ئەو. گەندەڵ بوونو ڕۆڵەی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە، نەوەیەکی گۆجو خوارن» (لاوین [٥ موسا] ٣٢:٤، ٥).
خودا لەنزیکترین کاتدا دەستبەکاردەبێت
١٤. بۆچی خودا دەستخستنە ناو کاروباری مرۆڤ بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ تر دواناخات.؟
١٤ ئێستا خودا دوای ئەوەی کە نمایشتێکی باشی شکستهێنانی فەرمانڕەوایەتی مرۆڤی خستە بەرچاو، دەتوانێ دەستبخاتە ناو کاروباری مرۆڤایەتیو کۆتایی بە ئازار، دڵناخۆشی، نەخۆشیو مردن بهێنێ. ئێستا ئەو کە ڕێگای بەمرۆڤدا بگاتە لووتکەی بەدەستهێنانەکانی لەڕووی زانستی، پیشەسازی، تەندروستیو ڕوانگەی ترەوە. خودا پێویست ناکات جارێکی تر چەندین سەدەی تر ماوە بەمرۆڤ بدات تاکو بیسەلمێنێ کە سەربەخۆ لە ئافەریدگار جیهانێکی ئاشتیو بەهەشتاوی بهێنێتە کایەوە. ئەمەیان پێنەکراو پێشیان ناکرێت. ئاکامی سەربەخۆیی لەخودا بوو بەهۆی هاتنی جیهانێکی ناحەزی بکوژی پڕ لە ڕكوکینە.
١٥. ئەو ئامۆژگارییەی پەرتووکی پیرۆز کامەیە کە دەبێ جێبەجێی بکەین؟
١٥ بەڵێ بێگومان لێرەو لەوێ فەرمانڕەوای دڵسۆز هەبوون کە دەیانویست یارمەتی مرۆڤایەتی بدەن، بەڵام کۆششەکانیان شکستی هێنا. ئێستا خەڵکی لەهەموو لایەك بەڵگەی داڕوخانی فەرمانڕەوایەتی مرۆڤایەتی دەبینن. بۆیە پەرتووکی پیرۆز ئامۆژگاریمان دەکات: «پشت مەبەستن بە میرەکان، بەئادەمیزاد کە ڕزگاری لەلا نییە» (زەبور ١٤٦:٣).
[سؤالات مقالهٔ مطالعهیی]
[تصوير در صفحهٔ ٢٤]
تەنانەت فەرمانڕەوا دڵسۆزەکانی جیهان، نەیانتوانی جیهانێکی ئاشتیو بەهەشتیانە بهێننە کایەوە.