سەرچاوەیەکی بێهاوتا لە داناییەکی پایەبەرز
بەشی ٣
سەرچاوەیەکی بێهاوتا لە داناییەکی پایەبەرز
١، ٢. بۆچی دەبێ لە پەرتووکی پیرۆز بکۆڵینەوە؟
١ ئایا پەرتووکی پیرۆز نووسراوێکە لە سەرچاوەیەکی پایەبەرز؟ ئایا ئەو پەرتووکە دەتوانێ وەڵامێکی باوەڕپێکراو بداتەوە سەبارەت بەگرنگترین پرسیار کە پەیوەندی بە مەبەستی ژیانەوە هەیە؟
٢ پەرتووکی پیرۆز بەدڵنیاییەوە شایانی لێکۆڵینەوەیە. یەکێك لەهۆکارەکان ئەوەیە، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێشەرانە کۆکراوەتەوەو لەهەموو پەرتووکێکی تر جیاوازترە. تکایە بڕواننە ئەو ڕاستییانەی خوارەوە.
کۆنترینو بەربڵاوترین پەرتووك
٣، ٤. چەند ساڵە پەرتووکی پیرۆز هەیە؟
٣ پەرتووکی پیرۆز کۆنترین پەرتووکە کەهەرگیز نووسرابێ، هەندێك لەبەشەکانی نزیکەی ٥٠٠،٣ ساڵ لەمەوبەر داڕێژراوون. ئەوە چەندین سەدە کۆنترە لە هەر پەرتووکێکی ئایینی تر. یەکەمین کۆکراوەکەی کە لە ٦٦ بەند پێکهاتووە، هەزار ساڵ پێش لە بووداو کۆنفۆشوسو دووهەزار ساڵ بەر لە موحەممەدە.
٤ ئەو مێژووەی کە لە پەرتووکی پیرۆزدا تۆمارکراوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای خێزانی مرۆڤایەتی تیایدا ڕووندەکرێتەوە کە چۆن ژیانمان لەسەر زەوی دەستی پێکرد. تەنانەت دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئافراندنی مرۆڤ، تیایدا چەند ڕاستییەك بەردەست دەکەوێ سەبارەت بەدامەزراندنی زەوی.
٥. چەند دەسنووسی پەرتووکی پیرۆز ئێستا هەن، بەبەراورد لەگەڵ نووسراوەکانی جیهان؟
٥ لە پەرتووکە ئایینیو نائایینییەکانی تر، ژمارەیەکی کەم لە نووسراوە کۆنەکانیان ماونەتەوە. بەڵام نزیکەی ١٣ ٠٠٠ دەستنووسی پەرتووکی پیرۆز یان بەشێك لە دەستنووسەکان بە عیبرانیو یۆنانی کە هەندێکیان مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر کورت دوای نووسینی دەستنووسە ڕەسەنەکان. سەرەڕای ئەو هەموو توندوتیژیو هێرشە چڕانەی کە پەرتووکی پیرۆز ڕووبەڕوویان بۆتەوە دەستنووسەکان پارێزراون.
٦. پەرتووکی پیرۆز تا چ ئاستێك بەربڵاوە؟
٦ هەروەها پەرتووکی پیرۆز بەربڵاوترین پەرتووکە لە مێژوودا. نزیکەی سێ ملیارد پەرتووك یان بەشێکی پەرتووکی پیرۆز، بە ٢ ٤٠٠ زمان بڵاوکراونەتەوە. وا مەزەندە دەکرێ لە سەدا ٩٥ی خێزانی مرۆڤایەتی دەتوانن بەزمانی دایکییان بیخوێننەوە. هیچ پەرتووکێکی تر ئاستی بەربڵاوی لەم ژمارەیە نزیکیش نابێتەوە.
٧. سەبارەت بە دەقاودەقی پەرتووکی پیرۆز دەتوانین چ بڵێین؟
٧ سەرەڕای ئەمەش هیچ پەرتووکێکی تر لەڕووی ڕاستودروستییەوە لەگەڵ پەرتووکی پیرۆز بەراورد ناکرێ. زاناکان، مێژوونووسان، شوێنەوارزانان، زانایانی جوگرافی، زانایانی زمان ڕۆژبەڕۆژ ڕاستی ناوەڕۆکی پەرتووکی پیرۆز دەسەلمێنن.
ڕاستودروست لە ڕووی زانستییەوە
٨. پەرتووکی پیرۆز لە بابەتە زانستیەکاندا چەند دەقاودەقە؟
٨ بۆ نموونە، هەرچەندە پەرتووکی پیرۆز وەك پەرتووکێکێی فێرکاری زانستی نەنووسراوە، بەڵام کاتێ لەسەر بابەتی زانستی دەدوێ لەگەڵ زانستە ڕاستەکان گونجاوە. بەڵام پەرتووکە کۆنەکانی تر کە بە پیرۆز دادەنرێن ئەفسانەی زانستیو ناڕاستودروست، هەروەها ڕاستەوخۆ درۆیان تێدایە. سەرنجی تەنها چوار لەو هەموو نموونە زۆرانە سەبارەت بە زانستی ڕاستودروستی پەرتووکی پیرۆز بدەن:
٩، ١٠. پەرتووکی پیرۆز چی فەرموو سەبارەت بە چۆنییەتی هەڵواسرانی زەوی، لەبری ئەوەی کە بیروبۆچوونە نازانستیانەی ئەو سەردەمە تیایدا ڕەنگبداتەوە؟
٩ چ شتێك زەوی لە ئاسمان ڕادەگرێ؟ لەو سەردەمە کۆنانەی کە پەرتووکی پیرۆزی تیایدا نووسراوەتەوە، چەندین جۆرە گریمان دەربارەی شێوازی هەڵواسینی زەوی لەئاسماندا هەبوون. هەندێك کەس پێیان وابوو کە زەوی لەسەر پشتی چوار فیلو ئەوانیش لەسەر پشتی کیسەڵێکی دەریای گەورە وەستاون. ئەریستۆتلس کە فەیلەسوفو زانایەکی یۆنانی سەدەی چوارەمی پ. ز دەیووت: هەرگیز نابێ زەوی لەبۆشاییدا هەڵواسرابێ، لەبری ئەمە خەڵکی فێردەکرد کە تەنە ئاسمانییەکان لەسەر پانایی تۆپی ڕوونی پتەوەوە بەستراون کە هەر تۆپێك لە ناو تۆپێکی تردا هێلانەکراوە، ئەو دەیووت کە گوایا زەوی کەوتۆتە تۆپی ناوەوەو ئەستێرەکانیش لە تۆپی دەرەوەدان.
١٠ پەرتووکی پیرۆز لەسەردەمی نووسینەوەیدا ڕەنگدانەوەی ئەو بیروبۆچوونە خەیاڵییە نازانستیانە نەبووە کە ئەوکاتە باو بوون. بەڵام زۆر بەساکاری (نزیکەی ساڵی ١٤٧٣ پ. ز) ڕوونی دەکاتەوە: «[خودا] زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت» (ئەیوب ٢٦:٧). ئەو ووشە عیبرانییەی کە لێرەدا لەبری (هیچ) بەکارهێنراوە، مانای (هیچ شتێك نا) دەگەێنێت، ئەمە تاکە جارە کە لەپەرتووکی پیرۆزدا بەکارهێنراوە. ئەو وێنەیەی کە لێرەدا سەبارەت بەزەوییەکی دەورەدراو بە بۆشایی دەدرێتە بەردەست، لەلایەن زاناکانەوە بە ژیرییەکی سەرنجڕاکێشی ئەو سەردەمە دادەنرێت. پەرتووکێکی فێرکاری لەسەر پەیمانی کۆنی پەرتووکی پیرۆز دەڵێ: «ئەیوب ٢٦:٧ بەسەرسوڕهێنەرییەوە باسی جیهانی ناسراوی ئەو سەردەمە دەکات وەك شتێکی هەڵواسراو لە بۆشاییدا، بەهۆی ئەمەوە لەپێش دەرکەوتنە زانستیەکانی داهاتووەوە بووە.»
١١، ١٢. خەڵکی کەی توانیان ڕاستییەکەی ئەیوب ٢٦:٧ تێبگەن؟
١١ ووتەی دەقاودەقی پەرتووکی پیرۆز ١١٠٠ ساڵ پێش ئەوەی ئەریستۆتلس بێتە ناو ژیان ووتراوە، کەچی بیرۆکەی ئەریستۆتلس نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ دوای مردنیشی هەروەك ڕاستییەك فێری خەڵکی دەکرا. لەکۆتاییدا لە ساڵی ١٦٨٧ز بەڕێز ئیسحاق نیوتن دۆزینەوەکەی خۆی ئاشکراکرد دەربارەی ئەوەی کە زەوی سەبارەت بە تەنە ئاسمانییەکانی ترەوە بەهۆی هێزی ڕاکێشانی نێوانیان لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە. واتە بەهۆی هێزی ڕاکێشان. بەڵام ئەمە ٣٢٠٠ ساڵ پاش ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز زۆر بەساکاری ڕوونی کردبووەوە کە زەوی بەهیچەوە هەڵواسراوە.
١٢ بەڵێ، نزیکەی ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر پەرتووکی پیرۆز بەڕاستی تێبینیکرد کە زەوی بە شتێکی بینراوەوە هەڵنەواسراوە، ئەمە ڕاستییەکە لەگەڵ یاسای ڕاکێشانو جوڵە کە زۆر دواتر لەلایەن زاناکانەوە دۆزرانەوە دەگونجێ. زانایەك ووتی: «ئەیوب چۆن ئەم ڕاستییەی زانی» پرسیارێکە کە بۆ ئەوکەسانەی کە دان بە سروشکردنی پەرتووکی پیرۆزدا نانێن چارەسەرکردنی زۆر سەختە.
١٣. چەندین سەدە لەمەوبەر خەڵکی چ بۆچوونێکیان دەربارەی شێوەی زەوی هەبوو، چ شتێك ئەو بۆچوونەی پێگۆڕین؟
١٣ شێوەی زەوی، ئینسایکلۆپێدیای ئەمەریکی دەڵێ: «کۆنترین شێوەی زەوی کە مرۆڤ سەبارەت بەزەوی هەیبوو، تەختو بەهێزو پان لەناوەڕاستی گەردووندا . . . بیرۆکەی زەوی شێوەخڕ تاکو سەردەمی ڕێنایسانس ئالۆم پەسەندنەکرابوو.» هەندێك لەکەشتیوانەکانی کۆن لەوەدەترسان لەسەر ڕۆخی زەوی بکەونەخوارەوە. دواتر بەهاتنی قیبلەنوماو چاککاریتر گەشتە دەریاییە دوورودرێژەکان دابین کران. ئینسایکلۆپێدیایەکی تر ڕوونی کردەوە کە ئەم گەشتی دۆزینەوانە نیشانیاندا کە زەوی خڕە نەك پان، هەروەك زۆربەی خەڵکی باوەڕیان وابوو.
١٤. پەرتووکی پیرۆز چۆن باسی شێوەی زەوی کردو ئەم باسکردنە کەی بوو؟
١٤ کەچی پەرتووکی پیرۆز زۆر پێش ئەو گەشتانە، نزیکەی ٢٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر فەرمووی، «یەکێك هەیە دانیشتوو لەسەر بازنەی زەوی» (ئەشعیا ٤٠:٢٢)، ئەو ووشە عیبریەی کە لێرە بە بازنە وەرگێڕدراوە دەکرێ بە ‹خڕ› وەربگێڕدرێ هەروەك لەچەندین لێکۆڵینەوەدا بەردەست کەوتوە. هەندێ وەرگێڕی پەرتووکی پیرۆزی تر دەڵێن: گۆی زەوی یان زەوی خڕ.
١٥. بۆچی پەرتووکی پیرۆز لەلایەن بیروبۆچوونە نازانستیانەی ئەو سەردەمە سەبارەت بەزەوی کاریتێنەکرا؟
١٥ کەواتە پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بە شێوەی زەویو چۆنییەتی وەستانی لەلایەن بیروبۆچوونە نازانستییەکانی ئەو سەردەمە کاریتێنەکراوە. هۆکاری ئەمە زۆر ئاسانە: داهێنەری پەرتووکی پیرۆز داهێنەری گەردوونە. ئەو زەوی ئافراندووەو بێگومان دەزانێ بەچی هەڵیواسیوەو شێوەکەی چۆنە، کاتێك خودا پەرتووکی پیرۆزی سروشکرد (وەحیکرد)، سەرپەرشتی ئەوەی کرد کە هیچ بیروبۆچوونێکی نازانستییانەی تێدا نەبێت. هەرچەندە ئەو بیروبۆچوونانە لەلایەن خەڵکی ئەو سەردەمەوە باوەڕپێکراوبوون.
١٦. چۆن پێکهاتەی ئۆرگانیزمە زیندووەکان لەگەڵ پەرتووکی پیرۆزدا گونجاوە؟
١٦ پێکهاتنی ئۆرگانیزمە زیندووەکان. پەرتووکی پێکهێنان دەفەرمووێ: «خوداوەند خودا، ئادەمی لەخۆڵی زەوی پێکهێنا» (پێکهێنان [١ موسا] ٢:٧). لە ئینسایکلۆپێدیای جیهانیدا نووسراوە: «هەموو ماددە کیمیاییەکان کە لەوانەوە ئۆرگانیزمی زیندوو پێکهاتووە لە ماددەی نازیندووەوە هاتوون.» هەموو ئەو بەشە کیمیاییە بنەڕەتیانەی ئۆرگانیزمی زیندوویان لێ پێکهاتووە کە مرۆڤیش دەگرێتەخۆی، هەموویان لە زەوییەوە بەردەست دەکەون. ئەمەش لەگەڵ ئەوە دەگونجێ کە پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بەو ماددەیە دەدوێ کە خودا بەکاریهێناوە تاکو مرۆڤو هەموو زیندەوەرەکانی تر بئافرێنێ.
١٧. ڕاستیی دەربارەی سەرهەڵدانی ئورگانیزمە زیندووەکان چییە؟
١٧ «لەسەر جۆری خۆیان،» پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ خودا یەکەم ژنو مێردی ئافراند (دروستکرد)و هەموو مرۆڤایەتی لەوانەوە سەریهەڵداوە (پێکهێنان [١ موسا] ١:٢٦-٢٨؛ ٣:٢٠). هەروەها نووسراوە کە ئۆرگانیزمە زیندووەکانی تریش بەهەمان شێوە وەکو، ماسی، باڵندەو ئاژەڵی شیردەر ئەوانیش «جۆری خۆیان» بەرهەم دەهێنن (پێکهێنان [١ موسا] ١:١١، ١٢، ٢١، ٢٤، ٢٥). ئەمەش دەقاودەق ئەوەیە کە زاناکان لە سروشتدا بۆیاندەرکەوتووە، کە هەر ئۆرگانیزمێکی زیندوو نەوەی بەرەبابی هەمان جۆری خۆیەتی. هیچ زیندەوەرێك نییە وانەبێت. زانای سروشتناس ڕایمۆ سەبارەت بەمە تێبینی دەکات: «زیندوو، زیندوو بەرهەم دەهێنێ» ئەمە بەردەوام لەهەر خانەیەکدا ڕوودەدات. بەڵام چۆن شتێکی نازیندوو زیندووی دروست کرد؟ ئەمە گەورەترین پرسیاری وەڵام نەدراوەیە لە زانستی بایۆلۆجیدا. تاکو ئێستا زیندەوەرزانان ناتوانن زۆرشت بەدەستەوە بدەن تەنها گریمانی کوێرانە نەبێت. بەجۆرێك لە جۆرەکان ماددەی بێگیان، سەرکەوتووە تا خۆی بکات بە گیانلەبەر . . . لەوانەیە هەر نووسەری پێکهێنان [١ موسا] (یەکەم بەشی پەرتووکی پیرۆز) ڕاستی فەرمووبێت.»
دەقاودەقی لەڕووی مێژووییەوە
١٨. پارێزەرێك دەربارەی دەقاودەقی پەرتووکی پیرۆز لە ڕووی مێژووییەوە چی ووت؟
١٨ پەرتووکی پیرۆز لەبەراورد لەگەڵ هەر پەرتووکێکی تردا کۆنترین مێژوو دەگرێتەخۆی. لە پەرتووکێدا کە لەلایەن پارێزەرێکەوە نووسراوە (A Lawyer Examines the Bible) دەقاودەقی پەرتوووکی پیرۆز لەلایەن پارێزەرەکەوە بەم شێوەیە باسدەکرێت: «لەکاتێکدا مێژووی خۆشەویستی، بە ئەفسانەو شایەتی درۆ، ڕووداوە باسکراوەکان دەخەنە بارودۆخو قەبارەیەكو کاتوساتێکی دوور لە ڕاستی، کە بەوشێوەیە لەو یاسا بنەڕەتییانەی کە گرنگن بۆ متمانەکردن لادەدەن کە ئێمەی پارێزەران فێریدەبین، ئەویش ئەوەیە کە دەبێ شوێنو کات بەڕاستی بووترێن، کەچی ووتەبێژانی ناو پەرتووکی پیرۆز بەروارو شوێنی شتە باسکراوەکان بەشێوەیەکی زۆر دەقاودەق دەدەنە دەستمان.»
١٩. یەکێ لە لێکۆڵەرەوەکانی ووردکاری مێژووی پەرتووکی پیرۆز چی ووت؟
١٩ فەرهەنگی نوێی پەرتووکی پیرۆز دەڵێ: «نووسەری کرداری نێرراوان چیرۆکەکەی دەخاتە نێوان چوارچێوەیەکی ژیانی ئەو سەردەمە. لاپەڕەکانی پڕن لە ئاماژەکردن بۆ دادوەرو فەرمانڕەوای هەرێمەکانو پادشاکانو هتد. ئەم ئاماژەکردنانە هەموو جارێك دەرکەوتوون کە زۆر دەقاودەقن لەگەڵ شوێنو سەردەمی باسەکە.»
٢٠، ٢١. یەکێ لەزانایانی پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بە پەرتووکی پیرۆز چی دەڵێت؟
٢٠ لەپەرتووکێکی فێرکاریدا Bible Companion)(Union بەڕێز ئاستن ئەلیبۆنە دەڵێ: «بەڕێز ئیسحاق نیوتن . . . بەڕاستی ڕەخنەگرێکی بەتوانا بوو سەبارەت بە نووسراوە کۆنەکان، ئەو زۆر بەووردی لەپەرتووکی پیرۆزی کۆڵییەوە. سەبارەت بەمە چی ووت؟ ئەو دەڵێ: من نیشانەی باوەڕهێنەرترم سەبارەت بە ڕاستودروستی پەیمانی نوێی پەرتووکی پیرۆز بۆ دەرکەوت، زۆرتر لەهەر سەرچاوەیەکی [بەربڵاوی] یاخود پەرتووکێکی میژووی تر. د. جۆنسن دەڵێ: ئێمە بەڵگەنامەی زۆرترمان بەدەستەوەیە کە عیسای مەسیح لە گۆڵگۆسە مردووە، هەروەك لە ئینجیلەکاندا تۆمارکراوە، لەوەی کە یولیۆسی قەیسەر لە کاپیتۆڵ مردووە. بەڵێ بەڕاستی بەڵگەی زۆر لەمە زیاتریشمان بەدەستەوەیە.»
٢١ ئەم لێکۆڵینەوەیە دواتر دەڵێ: «پرسیار لەهەریەکێك بکە کە گومانی لە پەیمانی نوێ هەیە، چ بەڵگەیەکێ بەدەستەوەیە تا باوەڕبکات کە قەیسەر لە کاپیتۆڵ مردووە یاخود قەیسەر کارڵی گەورە لەسەدەی ٨٠٠دا لەلایەن پاپا لیۆی سێهەمەوە وەك قەیسەری ڕۆژئاوا تاجی خرایەسەر . . . چۆن دەزانی کە کارڵی یەکەم (بەریتانی) هەرگیز ژیاوەو سەریبڕدراوەو ئۆلیڤەر کڕۆموێل لەکۆشکی ئەودا فەرمانڕەوایی گرتەدەست؟ . . . دۆزینەوەی یاسای هێزی ڕاکێشان دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێز ئیسحاق نیوتن، ئێمە باوەڕ بە هەموو ووتەیەك دەکەین سەبارەت بەم پیاوانە. چونکە ئێمە بەڵگەی مێژوویمان بەدەستەوەیە. ئەگەر هەندێك کەس سەرەڕای ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدان نکۆڵی لە بوونی ئەو پیاوانە بکەن، با واز لەو کەسانە بهێنینو لە گێلایەتی، نکۆڵیکردنو بێهیواییدا بەجێیان بهێڵین.»
٢٢. بۆچی هەندێ کەس ڕەسەنیەتی پەرتووکی پیرۆز پەسەندناکەن؟
٢٢ ئینجا لێکۆڵینەوەکە بەم ئەنجامە دەگاتە کۆتایی: «ئەی چی بڵێین سەبارەت بەوانەی کە سەرەڕای ئەو هەموو بەڵگەنامە بەردەستدراوانە هێشتا باوەڕ بە ڕەسەنیو ڕاستودروستی پەرتووکی پیرۆز ناکەن؟ . . . ئێمە بەڵگەی تەواومان بەدەستەوەیە کە ئەو جۆرە خەڵکانە لەجیاتی مێشکیان دڵیان کەموکوڕی هەیە — کە ئەوە ڕەتدەکەنەوە باوەڕ بەشتێك بکەن کە لووتبەرزی ئەوان دەشکێنێو ئەوان ناچاردەکات ژیان بەشێوەیەکی تر بەسەربەرن.»
ناوەڕۆکی گونجاوو ڕاستگۆ
٢٣، ٢٤. بۆچی ناوەڕۆکی گونجاوی پەرتووکی پیرۆز ئاوا سەرنجڕاکێشە؟
٢٣ بیهێننە بەرچاوتان کە کەسێك لەسەردەمی ڕۆمییەکاندا دەست بە نووسینی پەرتووکێك بکات کە نووسینەکەی تا سەدەکانی ناوەڕاست درێژە بکێشێت، لەسەدەی بیستویەکدا تەواوبێت. لە کاتێکدا کە چەندین نووسەر کاری نووسینیان گرتبێتە ئەستۆی خۆیان، ئایا ئاکامەکەی چ دەبێت ئەگەر نووسەرەکان خەڵکێك بن چەندین جۆرە پیشەو ڕەگەزی جیاوازیان هەبووبێ، وەك پاسەوان، پادشا، کاهین، ماسیگر، شوانو دکتۆر؟ ئایا چاوەڕێی ئەوە دەکەین ناوەڕۆکی پەرتووکەکە گونجاو بێت. لەوانەیە بڵێیت، بێگومان نا. بەڵێ، پەرتووکی پیرۆز بەم شێوازە نووسراوە کەچی هەمووی لەگەڵ یەك گونجاوە، نەك بەشێوەیەکی گشتی بەڵکو زۆر بەوردی.
٢٤ پەرتووکی پیرۆز کۆکراوەی ٦٦ پەرتووکە کە لەماوەی ١٦٠٠ ساڵدا لەلایەن ٤٠ کەسی جیاوازەوە نووسراوە. کە لەساڵی ١٥١٣ پ. ز دەستپێدەکاو لەساڵی ٩٨ز کۆتایی پێدێت. نووسەرەکان لە شوێنو ناوچەی جیاوازەوە هاتوونو زۆربەیان هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ یەکتری نەبووە، کەچی ئەو پەرتووکە یەك بابەتی پێکەوەبەستراوی هەیە هەروەك ئەوەی کە لەلایەن یەك بیروهۆشەوە سەریهەڵدابێت. بەپێچەوانەی ئەوەی کە هەندێ کەس پێیان وایە، پەرتووکی پیرۆز بەرهەمی شارستانیەتێکی خۆرئاوا نییە، بەڵکو لەلایەن خۆرهەڵاتیەکانەوە نووسراوە.
٢٥. چ ووتەیەکی نووسەرانی پەرتووکی پیرۆز، لەبەر ڕاستگۆیو پاکی پەرتووکی پیرۆز پشتگیریدەکرێت؟
٢٥ لەکاتێکدا کە زۆربەی نووسەرە کۆنەکان تەنها سەرکەوتنو کارە باشەکانی خۆیان باسدەکەن، نووسەرانی پەرتووکی پیرۆز هەڵەو کەمو کوڕیەکانی خۆیانو پادشاکانیانو پێشەواکانیان بەئاشکرا باس دەکەن. لە ژمارە [٤ موسا] ٢٠:١-١٣ و لاویەکان [٥ موسا] ٣٢:٥٠-٥٢ باسی کەموکوڕیەکانی موسای تێدایە کە خۆی ئەو پەرتووکانەی نووسیوە. لە یۆنا ١:١-٣ و ٤:١ دا باسی کەمو کوڕیەکانی یۆنای تێدایە کە خۆی ئەم پەرتووکانەی نووسیوە. لە مەتتا ١٧:١٨-٢٠؛ ١٨:١-٦؛ ٢٠:٢٠-٢٨ و ٢٦:٥٦ دا دەربارەی ئەو کەموکوڕییانە دەدوێ کە قوتابییەکانی عیسا هەیانبووە. ڕاستگۆیو دڵپاکی نووسەرانی پەرتووکی پیرۆز پاڵپشتن بۆ ووشەکانیان کە دەڵێن ئەمە لەلایەن خوداوە سروش کراوە.
گەورەترین نیشانەی جیاکردنەوەی
٢٦، ٢٧. پەرتووکی پیرۆز بۆچی ئەوەندە دەقاودەقە لەڕوانگەی زانستیو ڕوانگەی ترەوە؟
٢٦ پەرتووکی پیرۆز لە خۆیدا ئاشکرایدەکات بۆچی ئەو پەرتووکە ئاوا دەقاودەقە لە باسە زانستیو مێژووییو ڕوانگەیترەوە، هەروەها بۆچی ئاوا ڕاستگۆو ناوەڕۆکەکەی گونجاوە. پەرتووکی پیرۆز ڕوونی دەکاتەوە کە یەزدان، توانادارترین خودا، ئەو ئافەریدگارەی کە گەردوونی نەخشەکێشاوە دانەری پەرتووکی پیرۆزە. ئەو، نووسەرانی پەرتووکی پیرۆزی وەك دەستنووسی خۆی بەکارهێناوە بە جۆرێك کە ئەوانی بەهێزی کاریگەری خۆی کارتێکردوون ئەو شتە بنووسن کە خۆی سروشی (وەحی) کردووە.
٢٧ لەپەرتووکی پیرۆزدا پۆلسی نێرراو ڕوونی دەکاتەوە: «هەموو کتێبی پیرۆز بەوەحی لەخودا هاتووەو سوودبەخشە بۆ فێرکردنو سەرزەنشتو ڕاستەڕێکردن، هەروەها بۆ تەمێکردن بۆ ڕاستو دروستی، تاوەکو مرۆڤی خودا ئامادەبێت بۆ هەموو کردارێکی باش». هەروەها پۆلوس دەفەرمووێ: «چونکە کاتێ ووشەی خوداتان لەئێمە بیست ئەوەی پێمان ڕاگەیاندن، وەرتانگرت لێمان نەك وەك ووشەیەك لەمرۆڤ بێت، بەڵکو چۆن لەڕاستی ووشەی خودا بێت» (٢ تیمۆساوس ٣:١٦، ١٧؛ ١ تەسالۆنیکی ٢:١٣).
٢٨. سەرچاوەی پەرتووکی پیرۆز کێیە؟
٢٨ کەواتە پەرتووکی پیرۆز سەرچاوەکەی بۆ یەك بیروهۆش دەگەڕێتەوە کە خودایە. بەهۆی هێزە مەزنەکەیەوە بۆ ئەو کارێکی ئاسان بوو وابکات کە ڕاستودروستییەتی پەرتووکی پیرۆز تا ئەم ڕۆژگارەی ئێمە بپارێزرێت. دەسەڵاتدارێك سەبارەت بە پەرتووکی پیرۆز بەناوی بەڕێز فرێدریك کێنیۆن لەم بارەیەوە لەساڵی ١٩٤٠دا دەڵێ: «هەموو بنچینەیەك بۆ هەر گومانێك دەربارەی ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز خۆی چۆن بووە ئاوا گەیشتۆتە دەستمان لەم سەردەمەدا بنبڕکراوە.»
٢٩. چۆن دەتوانین توانای خودا لە پەیوەندیکردن ڕوونبکەینەوە؟
٢٩ مرۆڤ دەتوانێ شەپۆلی ڕادیۆو تەلەفیزیۆنەکان لەدووری چەندین هەزار کیلۆمەترەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بنێرێ، تەنانەت لەسەر مانگیشەوە. کەشتییە ئاسمانییەکان زانیاری وێنەیی لەبۆشایی ئاسمانەوە بۆ زەوی دەنێرنو وێنەی هەسارەو ئەستێرەی بە ملیۆنەها کیلۆمەتر دوور لە ئێمەیان بۆ ناردووین. ئافەریدگاری مرۆڤو ئافەریدگاری شەپۆلی ڕادیۆ بەلانی کەم دەتوانێ هەمان شت بکات. بەڕاستی شتێکی زۆر ئاسان بوو بۆ خودا تاکو بەتواناترین هێزی خۆی بەکاربهێنێ تاکو وێنەو ووشەکان بگەێنێتە بیروهۆشی ئەو کەسانەی کە خۆی هەڵیبژاردن بۆئەوەی پەرتووکی پیرۆز بنووسن.
٣٠. ئایا خودا دەیەوێ مرۆڤ بۆیدەربکەوێ مەبەستەکانی ئەو بۆ مرۆڤ چین؟
٣٠ سەرەڕای ئەمەش زۆر شت هەن دەربارەی زەویو ژیان کە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە خودا بایەخ بە مرۆڤایەتی دەدات. بۆیە شایەنی تێگەیشتنە کە ئەو وویستویەتی یارمەتی مرۆڤ بدات بۆیدەربکەوێ خودا کێیەو چ مەبەستێکی بۆ مرۆڤایەتی هەیە، بەوەی کە ئەو شتانە بەڕوونی لەپەرتووکەکەیدا باسبکات کە بەڵگەنامەیەکی بەردەوامن.
٣١. بۆچی پەرتووکێکی سروشکراو (وەحیکراو) زۆر پایەبەرزترە لە زانیارییەکی لەدەم بۆدەم گواستراوە؟
٣١ سەرنجی پایەبەرزی پەرتووکێك بدە کە داهێنەرەکەی خودایە بە بەراورد لەگەڵ زانیاریەك کە تەنانەت مرۆڤ لەدەمەوە بۆ دەمێکی تر گواستویەتەوە. گواستنەوەی لەدەمەوە بۆ دەم جێگای متمانە نییە، چونکە پاش ماوەیەك خەڵکی نامەکە دەگۆڕنو ماناکەی تێك دەدەن، زانیارییەکی هاوگونجاو لەگەڵ بیرۆکەی خۆیان بڵاودەکەنەوە. بەڵام پەرتووکێك کە لەلایەن خوداوە سروشکرابێ (وەحیکرابێ)، بابەتە بەردەوام نووسراوەکە کەمتر ڕووبەڕووی هەڵە دەبێتەوە. هەروەها دەکرێ پەرتووکێك سەرلەنوێ بنووسرێتەوە یاخود بۆ زمانی تر وەربگێڕدرێ تاکو خەڵکی بەزمانی تریش کەڵکی لێ وەربگرن. ئایا شتێکی زۆر ئاسایی نییە کە ئافەریدگار بەهەمان شێوە شتێکی لەو شێوەیەی بەکارهێناوە تاکو زانیاریمان بداتێ؟ بەڵێ زۆر ئاساییە، چونکە ئافەریدگار خۆی دەفەرمووێ کە ئەو ئەمەی کردووە.
پێشبینی هاتووەدی
٣٢-٣٤. پەرتووکی پیرۆز چ شتێکی هەیە کە هیچ پەرتووکێکی تر نییەتی؟
٣٢ سەرەڕای ئەمەش پەرتووکی پیرۆز خاوەن نیشانەیەکی بێهاوتایە کە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە خودا ئەم پەرتووکەی سروشکردووە. پەرتووکی پێشبینییەکانە کە بەبێ هیچ کەمو کوڕییەك هاتوونەدیو دێنەدی.
٣٣ بۆ نموونە لەناوچوونی تیرسی کۆن، ڕوخانی بابل، ئاوەدانکردنەوەی ئۆرشەلیم، هاتنو ڕوخانی پادشای فارسو میدییەکانو یۆنانییەکان زۆر بەووردی پێشبینی کروان. پێشبینییەکان ئەوەندە دەقاودەقن کە هەندێ لە ڕەخنەگران بەهەڵە هەوڵی ئەوەیانداوە بڵێن کە گوایا ئەمانە دوای ئەوەی کە ڕووداوەکان ڕوویانداوە نووسراونەتەوە (ئەشعیا ١٣:١٧-١٩؛ ٤٤:٢٧-٤٥:١؛ حزقیال ٢٦:٣-٦؛ دانیال ٨:١-٧، ٢٠-٢٢).
٣٤ ئەو پێشبینییانەی کە عیسای مەسیح سەبارەت بە لەناوچوونی ئۆرشەلیم لەساڵی ٧٠ز کردنی، بەدەقاودەقی هاتنەدی. (لۆقا ١٩:٤١-٤٤؛ ٢١:٢٠، ٢١). لە پێشبینییەکانی سەبارەت بەڕۆژانی دوایی کە لەلایەن عیساو قوتابییەکانی کراون لەم سەردەمەی ئێمەدا بە ووردی دێنەدی (٢ تیمۆساوس ٣:١-٥، ١٣؛ مەتتا ٢٤؛ مەرقۆس ١٣؛ لۆقا ٢١).
٣٥. بۆچی پێشبینییەکانی پەرتووکی پیرۆز دەکرێ تەنها لەلایەن خوداوە هاتبن؟
٣٥ هیچ بیروهۆشێکی مرۆڤانە، هەرچەندە زیرەکیش بێت ناتوانێ ڕووداوی داهاتووەکان بەو ووردیە پێشبینی بکات. تەنها بیروهۆشی بەتواناترینو داناترین ئافەریدگاری گەردوونە کە ئەمە دەتوانێ، هەروەك ئێمە لە ٢ پەترۆس ١:٢٠، ٢١ دەیخوێنینەوە: «کە هەموو ووشەیەکی کتێبی پیرۆز بەلێکدانەوەیەکی تایبەتی یەکێك ڕووننابێتەوە، چونکە هەرگیز هیچ ووشەیەك بەخواستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو خەڵکی لەسەر دەستی ڕۆحی پیرۆز قسەی خودایان کردووە».
پەرتووکی پیرۆز وەڵام دەداتەوە
٣٦. پەرتووکی پیرۆز چیمان پێ دەفەرمووێ؟
٣٦ پەرتووکی پیرۆز لەزۆر ڕوانگەوە شایەتی سروشکردنی ووشەی یەزدانە، بەشێوەیەك کە پەرتووکی پیرۆز پێمان دەفەرمووێ بۆچی مرۆڤ لەسەر زەوییە، بۆچی ئەوەندە ئازار هەیە، بۆ کوێ دەڕۆینو بارودۆخەکان چۆن باش دەبن؟ کەواتە پێمان دەفەرمووێ کە خودایەکی مەزنو پایەبەرز هەیە کە مرۆڤو زەوی بە مەبەستێك ئافراندووە (دروستکردووە)و ئەم مەبەستەش دێتەدی (ئەشعیا ١٤:٢٤). هەروەها پەرتووکی پیرۆز پێمان دەفەرمووێ ئایینی ڕاستەقینە کامەیەو چۆن دەتوانین بیدۆزینەوە. لەلایەکی ترەوە پەرتووکی پیرۆز تاکە سەرچاوەی دانایی پایەبەرزە کە دەتوانێ ڕاستی سەبارەت بە گرنگترین پرسیارەکانی ژیان بەئێمە بڵێ (زەبور ١٤٦:٣؛ پەندی سولەیمان ٣:٥؛ ئەشعیا ٢:٢-٤).
٣٧. ئێمە دەبێ سەبارەت بە جیهانی مەسیحیەت چ پرسیارێك لەخۆمان بکەین؟
٣٧ کەواتە بەڵگەی زۆرمان بەدەستەوەیە کە پەرتووکی پیرۆز ڕەسەنەو ڕاستییەکەی باوەڕپێکراوە، بەڵام ئایا هەموو ئەوانەی کە دەڵێن باوەڕ بە پەرتووکی پیرۆز دەکەین بەگوێرەی فێرکردنەکانی پەرتووکی پیرۆز کاردەکەن؟ سەیری هەندێ لەو ووڵاتانە بکەن کە خۆیان بە مەسیحی دادەنێن. واتە کۆمەڵگەی مەسیحیەت، چەندین سەدەیە خاوەن پەرتووکی پیرۆزن، ئایا بیروبۆچوونو کردارەکانیان بەڕاستی ڕەنگدانەوەی دانایی پایەبەرزی خودان؟
[سؤالات مقالهٔ مطالعهیی]
[تصاوير در صفحهٔ ١١]
بەڕێز ئیسحاق نیوتن باوەڕی بەوە هەبوو کە زەوی سەبارەت بە تەنە ئاسمانییەکانی ترەوە لەشوێنی خۆی بەهۆی هێزی ڕاکێشان دەمێنێتەوە
ئەو بیرۆکەیەی کە پەرتووکی پیرۆز بەردەستی دەدات کە زەوی دەورەدراوە بەبۆشاییەك، لەلایەن زاناکانەوە بەشتێکی زۆر سەرنجڕاکێش دادەنرێت.
[تصوير در صفحهٔ ١٢]
هەندێ لە کەشتیوانە کۆنەکان تەنانەت لەوە دەترسان لەسەر ڕۆخی زەوی بکەونە خوارەوە.
[تصوير در صفحهٔ ١٣]
بەڵگەی زۆرترمان بەدەستەوەیە لەسەر بوونی عیسای مەسیح لەوەی کە یولیای قەیسەرو قەیسەر کاڕڵی گەورەو ئۆلیڤەر کرووێڵ یاخود پاپا لێیۆی سێهەم ژیاون.
[تصوير در صفحهٔ ١٥]
هاتنەدی پێشبینییەکەی عیسای مەسیح سەبارەت بە ڕوخانی ئۆرشەلیم لەساڵی ٧٠ ز لەگەڵ قەوسی تیتوسی رۆما بەراورد دەکرێ.