کۆمەڵگەی مەسیحییەت ناپاکی لەگەڵ پەرتووکی پیرۆزو خودا کرد
بەشی ٤
کۆمەڵگەی مەسیحییەت ناپاکی لەگەڵ پەرتووکی پیرۆزو خودا کرد
١، ٢. بۆچی هەندێ کەس هیچ ڕێزێك بۆ پەرتووکی پیرۆز دانانێن، بەڵام پەرتووکی پیرۆز چی دەفەرمووێ؟
١ خەڵکی لەزۆربەی ووڵاتانی جیهان نایانەوێ هیچ پەیوەندییەکیان بە پەرتووکی پیرۆزەوە هەبێو هیچ ڕێزێك بۆ پەرتووکی پیرۆز دانانێن، لەبەر هەڵوێستی خراپی ئەو کەسانەی کە دەڵێن پەرتووکی پیرۆز ڕێنمایکەری ژیانمانە. لە هەندێك ووڵاتان ووتراوە کە پەرتوووکی پیرۆز پەرتووکێکە هانی جەنگدەداتو پەرتووکی سپیپێستەکانەو هەروەها پەرتووکێکە تیایدا پشتگیری لە داگیرکردن دەکرێ. بەڵام ئەمانە بۆچوونی هەڵەن.
٢ پەرتووکی پیرۆز کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسراوەو پشتگیری لەداگیرکردنو جەنگو خوێنمژی خۆویستیانە ناکات کە ماوەیەکی دوورودرێژە بەناوی مەسیحییەتەوە دەکرێت. بەپێچەوانەوە لەکاتێکدا کە ئێوە پەرتووکی پیرۆز دەخوێننەوەو فێرکردنەکانی سەبارەت بەمەسیحی ڕاستەقینە دەناسن، دەبینن کە پەرتووکی پیرۆز نەفرەت لە جەنگو داوێنپیسیو خوێنمژی بەتوندی دەکات. هەڵەکە هەڵەی خەڵکی چاوچنۆکە نەك هەڵەی پەرتووکی پیرۆز. (١ کۆرنسۆس ١٣:١-٦؛ یاقوب ٤:١-٣؛ ٥:١-٦؛ ١ یۆحەننا ٤:٧، ٨). کەواتە ڕێگا مەدەن بەوەی کە بەهۆی بەدکاری خەڵکی چاوچنۆکەوە کە بەپێچەوانەی بنەما باشەکانی پەرتووکی پیرۆز دەژین، پشت لەوەبکەن کەڵكو سوود لە زانیارییە بەنرخەکانی پەرتووکی پیرۆز وەربگرن.
٣. ڕاستییە مێژووییەکان چیمان نیشان دەدەن؟
٣ ئەوانەی کە بەگوێرەی پەرتووکی پیرۆز ناژین، ئەو نەتەوەو ووڵاتانەن کە بە کۆمەڵگەی مەسیحییەت دەژمێردرێن. پێناسەی کۆمەڵگەی مەسیحی ئەو بەشەیە لەجیهانێك کە تیایدا مەسیحی دەسەڵاتی هەیە. بەشێوەیەکی سەرەکی لە ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان پێکهاتووە، بەکڵێسەکانییەوە کە لە نزیکەی سەدەی چوارەمەوە ڕۆڵیکی گرنگیان بینیوە. کۆمەڵگەی مەسیحی چەندین سەدەیە خاوەنی پەرتووکی پیرۆزەو پێشەواکانیان دەڵێن گوایا ئەوان پەرتووکی پیرۆز فێردەکەنو نوێنەرایەتی خودا دەکەن. بەڵام ئایا پێشەوایانی کۆمەڵگەی مەسیحییەتو نێرراوانیان ڕاستی فێری خەڵکی دەکەن؟ ئایا بەڕاستی بەکردارەکانیان نوێنەرایەتی خوداو پەرتووکی پیرۆز دەکەن؟ ئایا مەسیحییەت دەسەڵاتی لەکۆمەڵگەی مەسیحیدا هەیە؟ نەخێر، لەوکاتەوەی کە کۆمەڵگەی مەسیحییەت لەسەدەی چوارەمەوە سەریهەڵداوە، سەلماندوویەتی دوژمنی خوداو پەرتووکی پیرۆزە. بەڵێ بەڵگە مێژووییەکان دەریدەخەن کە کۆمەڵگەی مەسیحییەت ناپاکی لەگەڵ خوداو پەرتووکی پیرۆزدا کردووە.
ئەو فێرکارییانەی کە لە پەرتووکی پیرۆزدا نادۆزرێنەوە
٤، ٥. ئەو فێرکردنانە کامانەن کە کڵێسەکان بڵاویدەکەنەوەو بەڵام لەپەرتووکی پیرۆزدا نین؟
٤ فێرکارە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی مەسیحییەت لەسەر بناغەی پەرتووکی پیرۆز نیین، بەڵکو لەسەر بناغەی ئەفسانە کۆنەکانی یۆنانیو میسریو بابلیو هی ترن. فێرکردنەکانی وەك نەمری ڕۆحی مرۆڤانە، سزادانی هەمیشەیی لە دۆزەخدا، شوێنی لەگوناه پاکردنەوە (بەرزەخ)، فێرکاری ئەوەی کە خودا سێ کەسە لەکەسێکدا (سێیەکانە) لەپەرتووکی پیرۆزدا نین.
٥ بۆنموونە ئەو فێرکردنەی کە گوایا خەڵکی خراپ بۆ هەمیشە لە دۆزەخ دەبێ ئازاربدرێن. ئێوە ئەمەتان پێ چۆنە؟ زۆرکەس پێیان سەیرەو پێیان وایە ئازارو ئەشکەنجەدانی بۆهەمیشەی مرۆڤ لەلایەن خوداوە کارێکی قەبوڵ نەکراوە. ئەو بیروبۆچوونە هەرگیز لەگەڵ خودای پەرتووکی پیرۆزدا ناگونجێ. چونکە «خودا خۆشەویستییە» (١ یۆحەننا ٤:٨). پەرتووکی پیرۆز زۆر بەڕوونی باسی دەکات کە فێرکردنێکی لەم جۆرە بەبیرو دڵی خودای پایەبەرزدا نایەت (یرمیا ٧:٣١؛ ١٩:٥؛ ٣٢:٣٥).
٦. پەرتووکی پیرۆز چۆن بەرپەرچی بیرۆکەی ڕۆحی نەمر دەداتەوە؟
٦ ئێستا زۆر لەئایینەکان، هەروەها کڵێسەی مەسیحییەکانیش خەڵکی فێردەکەن کە ڕۆحێکی نەمریان هەیە کە لەگەڵ مردن ئەو ڕۆحە بۆ بەهەشت یان بۆ دۆزەخ دەڕوا. ئەمانە فێرکردنی پەرتووکی پیرۆز نیین، لەبری ئەمە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «چونکە زیندووان دەزانن کە دەمرن، بەڵام مردووان هیچ نازانن و هیچ پاداشتیان نییە . . . چونکە نەکار و نەداهێنان و نەزانین و نەدانایی نییە لە دونیای مردووان، ئەوەی تۆ دەچیت بۆ ئەوێ» (کۆمکار ٩:٥، ١٠). هەروها زەبورنووس ڕوونیدەکاتەوە کە مرۆڤ لەکاتی مردنیدا «دەگەڕێتەوە بۆ خۆڵەکەی خۆی، لەهەمان ڕۆژدا نەخشەکانی دەسڕێتەوە» (زەبور ١٤٦:٤).
٧. ئەو سزایە چی بوو کە ئادەمو حەوا بەهۆی پێشێل کردنی یاسای خودا وەریانگرت؟
٧ لەبیرتان بێت کاتێ ئادەمو حەوا یاسای خودایان پێشێل کرد، سزاکە نەمری نەبوو، نەمری بۆئەوان دەبوو بە پاداشتێك نەك سزا، بەڵکو پیان گووترابوو «دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی، چونکە لەوەوە وەرگیراویت» خودا بۆ ئادەی ڕوونکردەوە «چونکە تۆ خۆڵیت و بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە» (پێکهێنان [١ موسا] ٣:١٩). کەواتە فێرکاری ڕۆحی نەمر لەپەرتووکی پیرۆزدا نییە، بەڵام کۆمەڵگەی مەسیحییەت لە نەتەوە نامەسیحییەکانی کە پێش خۆیان ژیاون وەریانگرتووە.
٨. پەرتووکی پیرۆز چۆن بەرپەرچی فێرکردنی سێیەکانە دەداتەوە؟
٨ هەروەها فێرکاری سێیەکانەی کۆمەڵگەی مەسیحییەت، کەسایەتی خودا بە شێوەیەکی ئاڵۆز لە سێ کەسدا دەخاتەڕوو. بەڵام ئەم فێرکردنەش لەناو پەرتووکی پیرۆزدا نییە. لە ئەشعیا ٤٠:٢٥ خودا بەڕوونی دەفەرمووێ: «جا لەگەڵ کێ هاوشێوەم دەکەن تا پێی یەکسانبم؟» وەڵامەکە لەبەردەستدایە، خودا بەکەس یەکسان نییە. هەروەك زەبور ٨٣:١٨ بەساکاری دەفەرمووێ: «با بزانن ناوت یەهوەیە! بابزانن تەنها تۆ بەرزی لەسەر هەموو زەوی!» (هەروەها سەیری ئەشعیا ٤٥:٥؛ ٤٦:٩؛ یۆحەننا ٥:١٩؛ ٦:٣٨؛ ٧:١٦).
٩. دەتوانین چی بڵێن سەبارەت بە فێرکردنەکانی پەرتووکی پیرۆزو فێرکردنەکانی کڵێسەکانو کۆمەڵگەی مەسیحییەت؟
٩ ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بەخوداو مەبەستەکانی فێرمان دەکات، زۆر ئاشکرایەو تێگەیشتنی ئاسانەو زۆر گونجاوە. بەڵام ئەوەی کە کڵێسەکانی کۆمەڵگەی مەسیحییەت فێری دەکەن وانییە. لەمەش خراپتر، بەڵکو دژی ووتەکانی پەرتووکی پیرۆزە.
بەدکاری
١٠، ١١. لە چ ڕوویەکەوە داواکاری فێرکردنەکانی پەرتووکی پیرۆز بەپێچەوانەی ئەوەیە کە کڵێسەکانو کۆمەڵگەی مەسیحیەت دەیکەن؟
١٠ جگە لەوەی کە کۆمەڵگەی مەسیحییەت فێرکردنەکانی پوچەڵن، بەکردەوەکانیشی ناپاکی لەگەڵ خوداو پەرتووکی پیرۆز کردووە. ئەوەی کە کڵێسەکانو قەشەکانایان لەسەدەی ڕابردوودا کردیانو لەو سەردەمەی ئێستاشدا هەروا لەسەر بەردەوامن، بەپێچەوانەی ئەوەوەیە کە خودا لە پەرتووکی پیرۆزدا داوای دەکات و پێچەوانەی فێرکردنەکانو کردارەکانی دامەزرێنەری مەسیحییەتی ڕاستەقینەیە کە عیسای مەسیحە.
١١ بۆ نموونە، عیسا قوتابییەکانی فێرکرد خۆیان لەگەڵ کاروباری ڕامیاری (سیاسی) ئەم جیهانە خەریك نەکەنو دەستیان لەگەڵ جەنگەکانی ئەم جیهانە تێکەڵ نەکەن. هەروەها فێریکردن ئاشتیخوازبنو گوێڕایەڵی یاسابنو بەبێ هیچ سوودوەرگرتنێك خەڵکیان خۆش بوێتو تەنانەت گیانی خۆیان لەپێناوی خەڵکیدا بەختبکەن نەك گیان لە خەڵکی بستێنن (یۆحەننا ١٥:١٣؛ کرداری نێرراوان ١٠:٣٤، ٣٥؛ ١ یۆحەننا ٤:٢٠، ٢١).
١٢. بە ووتەی عیسای مەسیح، مەسیحییە ڕاستەقینەکان چۆن دەناسرێنەوە؟
١٢ بەڵێ عیسا فێریکردن کە خۆشویستنی خەڵکی دەبێتە نیشانەیەك کە بەهۆیەوە مەسیحییەتی ڕاستەقینە خۆی لەمەسیحییەتی ناڕەسەن جیابکاتەوە. عیسا بەوانەی فەرموو کەدەیانویست بەدوایبکەون: «من ڕاسپاردەیەکی تازەتان پێڕادەسپێرم: یەکتریتان خۆش بوێ. هەروەك چۆن من خۆشمویستن، ئاوا یەکترتان خۆشبوێ. بەمە هەموو خەڵکی دەزانن کە قوتابی منن، گەر ئێوە یەکتریتان خۆشویست» (یۆحەننا ١٣:٣٤، ٣٥؛ ١٥:١٢).
١٣، ١٤. لەچیدا دەردەکەوێ کە کڵێسەکانو کۆمەڵگەی مەسیحییەت نوێنەرایەتی خودا ناکەن؟
١٣ بەڵام قەشەکانی کۆمەڵگەی مەسیحییەت سەدە لەدوای سەدە دەستیان لەگەڵ کاروباری ڕامیاری تێکەڵ کردو پشتگیریان لە جەنگی ووڵاتەکانی خۆیان دەکرد. تەنانەت «پشتگیریان لە جەنگی نێوان پارتە دژبەیەکەکانی ناو مەسیحییەکانیشیان دەکرد، هەروەك دوو جەنگە جیهانییەکەی سەدەی ڕابردوو، لەو دوژمنایەتییەدا قەشەکانی هەردوولا نوێژو پاڕانەوەیان دەکرد بۆ سەرکەوتنی یەکێك بەسەر ئەوی تریان. ئەندامانی ئایینێك لەووڵاتێك ئەندامانی هەمان ئایینیان لە ووڵاتێکی تردا دەکوشت. بەڵام بەگوێرەی پەرتووکی پیرۆز ئەمە کاری ڕۆڵەکانی شەیتانن نەك ڕۆڵەکانی خودا (١ یۆحەننا ٣:١٠-١٢، ١٥). هەرچەندە قەشەکانیانو بەدواکەوتووەکانیان خۆیان بەمەسیحی دادەنێن، بەڵام ئەوان دژی فێرکردنی عیسای مەسیحن کە بە قوتابییەکانی فەرموو: «شمشێرەکانتان واز لێبهێنن» (مەتتا ٢٦:٥١، ٥٢).
١٤ بەدرێژایی چەندین سەدە کڵێسەکان پشتیوانی هێزە ڕامیارییە مەسیحییەکانیان کرد، کاتێ ئەو ووڵاتانە لەسەردەمی ئیمپریالیزمیدا نەتەوەی تریان داگیر دەکردو دەیانکردن بە کۆیلەو سوکایەتیان پێدەکردن. ئەمە چەندین سەدە لە ئەفریقا درێژەی خایاند. هەروەها ووڵاتی چین تووشی ئەمە بوو، لەکاتێکدا ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان بەزۆرداری کەشی کاریگەریانەی وەك جەنگەکانی ئەفیونو یاخیگەری بۆکسبازەکانی دەهێنایەکایەوە.
١٥. کۆمەڵگەی مەسیحییەت چ بەدکارییەکی کردووە؟
١٥ هەروەها ئایینەکانی کۆمەڵگەی مەسیحییەت پێشڕەوبوون لە چەوساندنەوەو ئازاردانو تەنانەت کوشتنی ئەوانەی کە لەگەڵ بیروبۆچوونەکانی ئەوان یەك نەبوون. لەو سەدانەی مێژوودا کە بە سەدە ناوەڕاستە تاریکەکان بەناوبانگن. لەکاتی جەنگەکانی توێژینەوەی کڵێسەی کاسۆلیکیدا بەرامبەر ئەوانەی کە بە کافریان دادەنان، کە سەدان ساڵی خایاند کاری ئەشکەنجەو کوشتن بەسەر خەڵکی بێتاوان پەسەندکرابوون. تاوانبارەکان قەشەکانو بەدواکەوتووەکانیی مەسیحییەت بوون، کەهەموویان بەخۆیان دەووت مەسیحی. تەنانەت هەوڵی لەناوبردنی پەرتوووکی پیرۆزیشیان دا تاکو خەڵکی ئاسایی نەتوانن بیخوێننەوە.
نامەسیحی
١٦، ١٧. بۆچی دەتوانین بڵێین کە کڵێسەکان مەسیحی نین؟
١٦ نەخێر، ووڵاتو کڵێسەکانی مەسیحییەت مەسیحی نەبوونو نین. ئەمانە خزمەتکاری خودا نین. ووشە سروشکراوەکەی خودا سەبارەت بەمانە دەفەرمووێ: «بەدەم وا دەریدەخەن خودا دەناسن، بەڵام بەکردەوەیان نکۆڵی لێدەکەن، ئەوانە خۆشەویست نینو یاخین، بەکەڵکی هیچ کردارێکی چاك نایەن» (تیتۆس ١:١٦).
١٧ عیسای مەسیح فەرمووی کە ئایینی پوچەڵو ناڕاست بە بەرووبوومەکەی دەناسرێتەوە، ئەو فەرمووی: «ئاگاداری پێغەمبەرە درۆزنەکان بن، ئەوان دێن بۆ لاتان، گورگن لە پێستی مەڕ، بەڵام بەبەرووبوومیان بیان ناسن، ئایا دڕك ترێ دەگرێ یان حوشترئالووك هەنجیر دەگرێ؟ هەموو دارێکی باش بەرووبوومی باش دەدات. داری خراپیش بەروبوومی خراپ. داری باش بەرووبوومی خراپ نادات، هەروەها داری خراپ بەرووبوومی باش نادات. هەر دارێك بەرووبوومی باش نەدات، دەبڕرێتەوەو فڕێ دەدرێتە ناو ئاگر. کەواتە دەتوانن بە بەرووبوومیان بیانناسن» (مەتتا ٧:١٥-٢٠).
١٨. ئاکامی فێرکردنەکانو کردارەکانی کۆمەڵگەی مەسیحییەت چییە؟
١٨ کەواتە بەوەی کە کۆمەڵگەی مەسیحییەت کردیانو بڵاویانکردەوە، نیشانیاندا کاتێ کە دەڵێن بڕوامان بەپەرتووکی پیرۆز هەیەو لەخوداو مەسیح دەترسێن درۆدەکەن. ئەوان ناپاکیان لەگەڵ خوداو عیسای مەسیحدا کرد، بەو هۆیەوە چەندین ملیۆن کەسیان والێکرد قێز لە ئایین بکەنەوەو خەڵکیان گەیاندە ئەوەی کە پشت لە ئایین بکەنو باوەڕ بە یەزدانی مەزن نەکەن.
١٩. ئایا شکستهێنانی کۆمەڵگەی مەسیحییەت مانای ئەوەیە کە خوداو پەرتووکی پیرۆز شکستیان هێناوە؟
١٩ شکستهێنانی قەشەکانی ئایینیو کڵێسەکانی مەسیحیەت، هەروەها شکستهێنانی ئایینەکانی تری دەرەوەی کۆمەڵگەی مەسیحییەت مانای ئەوە نییە پەرتووکی پیرۆز شکستیهێناوە. پەرتووکی پیرۆز باسی یەزدانی مەزن دەکاتو دەفەرمووێ خودا بوونی هەیەو بایەخ بە ئێمەو دواڕۆژی ئێمە دەدات. پەرتووکی پیرۆز نیشانی دەدات کە چۆن خودا پاداشتی ئەو خەڵکانە دەداتەوە کە ڕاستودروستن، ئەوانەی کە دەیانەوێ کاری باش بکەنو لەسەرانسەری زەوی ڕاستیودروستیو ئاشتی بەرقەراربێت. هەروەها پەرتووکی پیرۆز ڕوونی دەکاتەوە بۆچی خودا ڕێگای بەسەرهەڵدانی بەدکاریو ئازار داوەو چۆن زەوی لەوانە پاك دەکاتەوە کە دەیانەوێ زەرەر لەخەڵکی بدەن، لەوانەش کە دەڵێن خودا دەپەرستنو بەڵام نایپەرستن.
[سؤالات مقالهٔ مطالعهیی]
[تصوير در صفحهٔ ١٧]
«دۆزەخی» دانتس (بەزمانی لاتینی)
[معلومات با اعتبار]
Doré’s illustration of Barrators — Giampolo for Dante’s Divine Comedy
[تصوير در صفحهٔ ١٧]
سێیەکانەی کۆمەڵگەی مەسیحییەت
[تصوير در صفحهٔ ١٧]
سێیەکانەی هیندۆس
[معلومات با اعتبار]
Courtesy of The British Museum
[تصوير در صفحهٔ ١٧]
سێیەکانەی میسرییەکان
[معلومات با اعتبار]
Museo Egizio, Turin
[تصوير در صفحهٔ ١٨]
بە پێچەوانەی فێرکردنەکانی عیسای مەسیح، قەشەکانی کۆمەڵگەی مەسیحییەت لەهەردوو بەرەکەدا پشتگیری جەنگەکانیان کرد.
[معلومات با اعتبار]
U.S. Army photo