بەش ١٣
پادشایانی باش و خراپ
ئیسرائیل بوو بە دوو پارچە. بەدرێژایی مێژوو چەندین پادشا فەرمانڕەوایی ئیسرائیلییەکانیان کرد، زۆربەیان دڵسۆزی خودا نەبوون. ئۆرشەلیم لە لایەن بابلیەکانەوە وێرانکرا
هەروەك یەهوە پێشبینی کردبوو، دوای ئەوەی سولەیمان لە خوداپەرستی ڕاستەقینە دەستیهەڵگرت ئیسرائیل بوو بە دووپارچە. کوڕەکەیو جێگرەکەی بەناوی ڕەحەبەعام (ناسراو بە ڕەحوبعام) لەدەسەڵاتدا توندوتیژ بوو. لەبەرامبەردا دە لە دوانزە هۆزەکانی ئیسرائیل شۆڕشیان بەرپاکردو پادشاهێتی باکوری ئیسرائیلیان دامەزراند. دوو هۆزەکانی تر کە دڵسۆزبوون بۆ تەختی پادشاهێتی داود لە ئۆرشەلیمدا، پادشاهێتی باشوری یەهودایان پێکهێنا.
هەردوو پادشاهێتییەکە مێژوویەکی پڕ لە ڕووداویان هەبوو، زۆر لەو پادشایانە بێباوەڕ بوونو گوێڕایەڵی خودا نەبوون. پادشاهێتی باکور تەنانەت لە پادشاهێتی یەهوداش خراپتر بوو، کە پادشاکانی هەر لەسەرەتاوە بایەخیان بە خوداپەرستییەکی پوچەڵ دا. سەرەڕای هەوڵو کۆششەکانی بێوچانی وەك ئیلیا (ناسراو بە ئەلیاس) و ئەلیشەعی پێغەمبەر کە هەردووکیان تەنانەت مردووشیان زیندوو دەکردەوە، ئیسرائیل دووبارە بەرەو بەدکارییەکانی خۆی گەڕایەوە. لەکۆتاییدا خودا ڕێگایدا پادشاهێتی باکور لەلایەن ئاشووریەکانەوە لەناوببرێ.
پادشاهێتی یەهودا تەنها زۆرتر لەسەدەیەك لە ئیسرائیل خۆیگرت، بەڵام ئەویش هەروەها سزای یەزدانی وەرگرت. تەنها چەند دانەیەك لە پادشایانی یەهودا بەدەنگ ئاگادارکردنەوەکانی پێغەمبەرانی خودا هاتنو هەوڵیاندا ڕێنمایی نەتەوەکە بکەن بەرەو یەهوە بگەڕێتەوە. بۆ نموونە، یووشیای پادشا، یەهودای لە خوداپەرستی پوچەڵ پاککردەوەو پەرستگاکەی بوژاندەوە. کاتێك کە دەسنووسێکی ڕەسەن لەو یاسایەی کە لەلاین موساوە نووسرابوو دۆزرایەوە، ئەوەندە کاری لە دڵی یووشیا کرد، هەربۆیە هەرەوەزی بوژاندنەوەکەی بەهێزتر کرد.
بەداخەوە، ئیتر جێگرەکانی یووشیا نموونە باشەکەی ئەو پادشایەیان ڕەچاونەکرد. بەم جۆرە یەهوە ڕێگای بە بابلییەکان دا دەست بەسەر یەهودا دا بگرنو ئۆرشەلیمو پەرستگاکەی وێرانبکەن. ئەوانەی کە لەو جەنگە دەربازبوون دوورخرانەوە بۆ بابل. خودا پێشبینی کرد کە ئەو دوورخستنەوەیە ٧٠ ساڵ دەخاێنێت. یەهودا بەدرێژایی ئەو ماوەیە بەکاولبووی مایەوە تاکو هەروەك بەڵێندرابوو نەتەوەکە ڕێگای پێدەدرا بۆ خاکی خۆیان بگەڕێنەوە.
ئیتر هیچ پادشایەکی تر لە ڕێچکەی داود فەرمانڕەوایی ناکات تاکو سەرهەڵدانی ڕزگارکەری بەڵێندراو، کە مەسیح ی پێشبینیکراوە. زۆر لەو پادشایانەی کە لەسەر تەختی داود لە ئۆرشەلیم فەرمانڕەواییان کرد سەلماندیان کە مرۆڤی ناتەواو شایستەی ئەوە نییە فەرمانڕەوایی بگرێتەدەست. تەنها دەستنیشانکراوەکە بەڕاستی شایستەی ئەوەیە. هەربۆیە یەهوە بەدوو پادشای کۆتایی ڕێچکەی داود فەرموو «تاجەکەت هەڵبڕە . . . تا ئەوەی دێت کەمافی خۆیەتی منیش بەوەی دەدەم» (حزقیال ٢١:٢٦، ٢٧).
بەگوێرەی پەرتووکی ١ و ٢ پاشایان؛ ٢ هەواڵی ڕۆژان بەندی ١٠ تا ٣٦؛ یرمیا ٢٥:٨-١١.