بەش ١١
سروودە سروشکراوەکان بۆ فێرکاری و دڵنەواییکردن
داودو کەسانی تر سروودیان بۆمان هەڵبەستووە تاکو بۆ خوداپەرستی بەکاریبهێنین. پەرتووکی زەبوور ١٥٠ هۆنراوەمان لەوانە دەخاتە بەردەست
دوورودرێژترین پەرتووکی ناو پەرتووکی پیرۆز کۆکراوەی سروودە پیرۆزەکانە. ئەو پەرتووکە لەماوەی ١٠٠٠ ساڵدا نووسراوە. پەرتووکی زەبور قوڵترینو کاریگەرترین دەربڕین دەربارەی باوەڕ دەگرێتەخۆی کە هەرگیز نووسرابێ. لەو سروودە ستایشکەرانەدا زنجیرەیەکی گەورە لە سۆزی مرۆڤانە نمایشکراون، لە دەربڕینی خۆشیو سوپاسگوزارییەوە بگرە تا دەگاتە پەژارەیی، خەمباریو هەروەها پەشیمانی. ڕوونو ئاشکرایە کە زەبوورنووس پەیوەندییەکی زۆر پتەو و پڕ متمانەی لەگەڵ خودا دا هەبووە. تێبینی هەندێك لە بابەتەکانی ئەو هۆنراوانە بکە.
یەهوە ڕاستودروستو سەروەرە، شایانی پەرستنو شکۆمەندییە. لە زەبور ٨٣:١٨ دا نووسراوە، با بزانن ناوت یەهوە یە! بابزانن تەنها تۆ بەرزیت لەسەر هەموو زەوی. چەندین بەندی زەبور ستایشی یەهوە دەکەن لەبەر کاری ئافراندنەکانی، وەك ئەستێرەکانی ئاسمان، سەرسوڕهێنەرەی لەشی مرۆڤو زیندەوەرەکانی تری سەر ڕووی زەوی (زەبور ٨، ١٩، ١٣٩، ١٤٨). هەندێك لەو زەبورانە یەهوە شکۆدار دەکەن وەك خودایەك کە دەستبەکار دەبێت بۆ ڕزگارکردنو پاراستنی ئەوانەی دڵسۆزی ئەون (زەبور ١٨، ٩٧، ١٣٨). هەندێکی تر پلەی خودا بەرزدەکەن وەك خودایەکی دادوەر، ئەوەی کە چەوسێندراوان رزگاردەکاتو سزای بەدکاران دەدات (زەبور ١١، ٦٨، ١٤٦).
یەهوە یارمەتیو دڵنەوایی ئەوانە دەدات کە ئەویان خوشدەوێ. یەکێك لەو زەبورانەی کە لە لای زۆر خەڵك ناسراوە ژمارە ٢٣ یە، کە تێیدا داود باس لە یەهوە دەکات وەك شوانێکی خۆشەویست، ڕێنمایو پارێزگاریو هەروەها بایەخ بە مەڕەکانی دەدات. زەبوری ژمارە ٦٥:٢ بەبیر خوداپەرستان دێنێتەوە کە یەهوە «بیستەری نوێژە». زۆر لەوانەی کە تووشی هەڵەی گەورە هاتوون دڵنەواییکردنێکی مەزنیان لە زەبوری ٣٩ و ٥١ بەدیکردووە، کە تیایدا داود بە ووشەی دڵتەزێن باسی پەشیمانی خۆی لەسەر هەڵەیەکی گەورەدەکات کە کردبووی، هەروەها بەدەستەواژەی تر باوەڕی بە لێخۆشبوونی یەهوە لەگوناه دەردەبڕێت. زەبوری ٥٥:٢٢ هانمان دەدات متمانە بە یەهوە بکەینو هەموو خەمەکانی خۆمان بە یەهوە بسپێرین.
یەهوە جیهان بەهۆی پادشاهێتی دەستنیشانکراوەکەوە دەگۆڕێ. ژمارەیەك لە بڕگەکانی زەبور بە ڕوونی ئاماژە بۆ دەستنیشانکراوەکە دەکەن کە پادشای پێشبینیکراوە. زەبوری ٢ پێشبینی ئەوە دەکات کە فەرمانڕەوا هەموو ئەو نەتەوە بەدکارانەی دژایەتی دەستنیشانکراوەکە دەکەن لەناو دەبات. زەبوری ٧٢ دەریدەخات کە ئەو پادشایە کۆتایی بە برسێتی و ناڕاستودروستیو چەوساندنەوە دێنێت. بەگوێرەی زەبوری ٤٦:٩ لە ڕێگای پادشاهێتی دەستنیشانکراوەوە، خودا کۆتایی بە جەنگ دێنێتو تەنانەت هەموو چەكو تەقەمەنیەکانی جەنگ لەناودەبات. لە زەبوری ٣٧ دەخوێنینەوە بەدکاران دوایان دەبڕێتەوەو لەکاتێکدا ڕاستودروستان لەسەر زەوی بۆ هەمیشە لە ئاشتیو تەبایی دەژین.
بەگوێرەی پەرتووکی زەبور.